نامیلکەیەک سەبارەت بە جۆرەکانى خوێنی سروشتی ئافرەتان (Kurdî)

  • earth زمان
    (Kurdî)
  • earth نووسینی::
    الشيخ محمد بن صالح العثيمين
PHPWord

 

رِسَالَةٌ فِي الدِّمَاءِ الطَّبِيعِيَّةِ لِلنِّسَاءِ

 

نامیلکەیەک سەبارەت بە جۆرەکانى خوێنی سروشتی ئافرەتان

 

 

 

بِقَلَمِ فَضِيلَةِ الشَّيْخِ العَلَّامَةِ

مُحَمَّدِ بْنِ صَالِحٍ العُثَيْمِينِ

غَفَرَ اللَّهُ لَهُ وَلِوَالِدَيْهِ وَلِلمُسْلِمِينَ

 

بەپێنووسی ڕێزدار عەلامە شێخ

موحەمەد ئیبن صاڵح ئەلعوثەیمین

خواى گەورە لە خۆی ودایک وباوکی خۆش بێت

 

 


بِسْمِ اللهِ الرَّحمَنِ الرَّحِيمِ

نامیلکەیەک سەبارەت بە جۆرەکانى خوێنی سروشتی ئافرەتان

 

الحمد لله نحمده ونستعينه ونستغفره، ونتوب إليه، ونعوذ بالله من شرور أنفسنا، ومن سيّئات أعمالنا. من يهده الله فلا مضلّ له، ومن يضلل فلا هادي له، وأشهد أن لا إله إلّا الله وحده لا شريك له، وأشهد أنّ محمدًا عبده ورسوله، صلّى الله عليه وعلى آله وأصحابه ومن تبعهم بإحسانٍ إلى يوم الدّين، وسلّم تسليمًا.

پاشان: ئەو خوێنەى تووشی ئافرەتان دەبێت کە خوێنی سوڕی مانگانە وئیستیحازە وزەیستانیە، لە بابەتە گرنگەکانە کە وا پێویست دەکات ڕوون بکرێتەوە وحوکمەکانى بزانرێت، وهەڵە لە ڕاست جیا بکرێتەوە لە قسەی زانایان سەبارەتی، وبۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەى پەسەندە وئەوەى لاوازە پێویستە پێوەر ئەوە بێت کە لەژێر ڕۆشنایی قورئان وسونەتدا هاتووە.

1- چونکە دوو سەرچاوەى سەرەکین کە حوکمەکانیان لەسەر دادەمەزرێت ؛ ئەو حوکمانەى پەرستنەکان وتەکلیفەکان -ئەرکە شەرعیەکانیان-

پێ ئەنجامدەدرێت.

2- چونکە پشت بەستن بە قورئان وسونەت ئارامیە بۆ دڵ، وهۆکاری سینە فراوانی، وهێوەری نەفسە، وهەروەها گەردن ئازاد کردنە لەهەر لێپرسینەوەیەک.

3- جگە لە قورئان وسونەت ؛ پێویستە بەڵگەى بۆ بهێنرێتەوە نەوەک بکرێتە بەڵگە لەخودی خۆیدا.

تەنها قسەی خواى گەورە -سبحانه وتعالى- و قسەی پێغەمبەرەکەى بەڵگەن، وهەروەها قسەی زانایان لە هاوەڵان بەپێی ڕای پەسەند ؛ بەمەرجێک شتێک نەبێت لە قورئان وسونەت پێچەوانەى ئەو قسەیە بێت، وقسەی هاوەڵێکی تر نەبێت کە پێچەوانەى بێت، ئەگەر شتێک هەبێت لە قورئان وسنەت پێچەوانەى بێت ئەوا واجبە دەست بگیرێت بەوەى لە قورئان وسونەتدا هاتووە، وئەگەر قسەی هاوەڵێکی تر هەبێت کە پێچەوانەى بێت ئەوا دەبێت پەسەندترینیان هەڵبژێردرێت، چونکە خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...فَإِن تَنَٰزَعۡتُمۡ فِي شَيۡءٖ فَرُدُّوهُ إِلَى ٱللَّهِ وَٱلرَّسُولِ إِن كُنتُمۡ تُؤۡمِنُونَ بِٱللَّهِ وَٱلۡيَوۡمِ ٱلۡأٓخِرِۚ ذَٰلِكَ خَيۡرٞ وَأَحۡسَنُ تَأۡوِيلًا﴾ واتە: ﴿خۆ ئه‌گه‌ر له شتێکدا بوو به‌کێشه‌تان ده‌رباره‌ی حوکمی خوایی، ئه‌وه ئه‌و کێشه‌یه بگێڕنه‌وه بۆ لای خواو پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی (صلی الله علیه وسلم) (که قورئان و سوننه‌ت ده‌گه‌یه‌نێت)، ئه‌گه‌ر ئێوه باوه‌ڕتان به‌خواو به ڕۆژی قیامه‌ت هه‌یه‌، (ڕه‌فتارکردنتان) به‌و شێوه‌یه چاکترین و جوانترین سه‌رچاوه‌یه بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌کانتان﴾ [النساء:59].

وئەمە پەیام ونامیلکەیەکی پوختە لەوەى پێویستە بزانرێت لە جۆری ئەو خوێنانە وحوکمەکانیان، ولەم بەشانە پێکهاتووە:

- بەشی یەکەم: ماناى سوڕی مانگانە -حەیز- وحیکمەتی.

- بەشی دووەم: کات وماوەى سوڕی مانگانە.

- بەشی سێیەم: گۆڕینی نائاسایی لە سوڕی مانگانە.

- بەشی چوارەم: حوکمەکانى سوڕی مانگانە.

- بەشی پێنجەم: ئیستیحازە وحوکمەکانى.

- بەشی شەشەم: زەیستانى -نیفاس- وحوکمەکانى.

- بەشی حەوتەم: بەکارهێنانى ئەو شتانەى دەبنە ڕێگر لە ڕوودانى سوڕی مانگانە یان هێنانى، وئەو شتانەى دەبنە ڕێگر لە سکپڕبوون یان لەباربردنی سک.

بەشی یەکەم: ماناى سوڕی مانگانە -حەیز- وحیکمەتی.

وشەی (حەیز) لەزمانی عەرەبیدا : بەمانای لەبەرڕۆیشتن وچۆاڕان دێت.

ولە شەریعەتدا: خوێنێکە تووشی ئافرەتان دەبێت بەهۆی سروشتیانەوە بەبێ هیچ هۆکارێک لە ماوەیەکی دیاریکراودا، خوێنێکی سروشتیە و بەهۆی نەخۆشی وبرین وکەوتن ومنداڵبوونەوە نیە، و لەبەرئەوەى خوێنێکی سروشتیە بۆیە جیاوازە بەپێی حاڵ وژینگە وکەشوهەوای ئافرەتەکە؛ بۆیە ئافرەتان تێیدا بەڕوونی جیاوازن.

وحیکمەت سەبارەت بە سوڕی مانگانەی ئافرەتان ئەوەیە: کاتێک منداڵ لە سکی دایکیدا ناتوانێت خواردن بخوات بە ئەو خواردنەى لە دەرەوى سکی دایکی دەخورێت، تەنانەت ئەوانەى بەڕەحمترینن بەرامبەری ناتوانن خۆراک بگەیەنن پێی، بۆیە خواى گەورە -سبحانه وتعالى- هەندێک دەرداوی خوێنی لە ئافرەتدا داناوە بۆئەوەى بەهۆیەوە منداڵەکە خۆراک وەربگرێت لە سکی دایکی بێ ئەوەى پێویستی بە خواردن وهەرسکردن هەبێت، بۆیە خوێنی سوڕی مانگانەی ئافرەتان لە ڕێگەى ناوکی دایکەوە دەچێتە نێو دەمارەکانى کۆرپەلەکە وخۆراک وەردەگرێت، پاک وبێگەردی بۆ پەروەردگار باشترین خوڵقێنەر.

ئەمە حیکمەتە لەم سوڕی مانگانەیە؛ بۆیە ئەگەر ئافرەت سکپڕ بێت ئەوا سوڕی مانگانەى دەپچڕێت، وتووشی حەیز نابێت مەگەر بە نادری نەبێت، وهەروەها ئەو ئافرەتانەی شیر دەدەن کەمێکیان تووشی سوڕی مانگانە دەبن بەتایبەت لەسەرەتای ماوەى شیرپێداندا.

بەشی دووەم: کات وماوەى سوڕی مانگانە.

لەم بەشەدا باسی دوو خاڵ دەکەین:

یەکەم: ئەو تەمەنەى ئافرەت تێیدا تووشی سوڕی مانگانە دەبێت.

دووەم: ماوەى سوڕی مانگانە.

خاڵی یەکەم: ئەو ساڵەى کە تێیدا زۆرینەی ئافرەت تووشی سوڕی مانگانە دەبێت لەنێوان تەمەنی دوانزە بۆ پەنجا ساڵییە، ولەوەیە ئافرەت پێش ئەم تەمەنە یان لەپاشی تووشی سوڕی مانگانە ببێت بەپێی حاڵ وژینگە وکەشوهەواکەى.

وزانایان -ڕەحمەتی خواى لێبێت- ناکۆکن سەبارەت بەوەى ئایا تەمەنی هاتنی سوڕی مانگانە بۆ ئافرەت دیاریکراوە بەشێوەیەک ئافرەت لەو تەمەنەدا لە پێشی یان لەپاشی تووشی سوڕی مانگانە نابێت، وئەوەى لەپێشی یان لەپاشی دێت خوێنی نائاساییە وسوڕی مانگانە نیە؟

زانایان ناکۆکن لەمبارەیەوە؛ دارمی -پاشی ئەوەى ناکۆکیەکانى باسکردووە- دەڵێت: هەموو ئەمانە لای من هەڵەن ! چونکە لەڕاستیدا ئەوەى تەنها بەهەند وەردەگیرێت بریتیە لە بوونی خوێن، هەرکاتێک خوێنی سوڕی مانگانە هەبوو لەهەر حاڵەت وتەمەنێکدا ئەوا واجبە بە خوێنی سوڕی مانگانە دابنرێت، وخودا زاناترە.

وئەم قسەیەی دارمی دەیڵێت پەسەند وڕاستە، وبژاردەى شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیەیە -ڕەحمەتی خواى لێبێت-، هەرکاتێک ئافرەت خوێنی سوڕی مانگانە ببینێت ئەوا حەیزدارە، ئەگەرچیش تەمەنی لە نۆ ساڵ کەمتر یان زیاتر بێت لە پەنجا ساڵ، چونکە حوکمەکانى سوڕی مانگانە خواى گەورە وپێغەمبەرەکەی پەیوەستیان کردووە بە بوونی خوێن، وخواى گەورە وپێغەمبەرەکەى هیچ تەمەنێکیان بۆی دیاری نەکردووە، بۆیە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ کاتی بوونی کە حوکمەکانى پێوە بەستراوە، ودیاریکردنی تەمەنێک پێویستی بە بەڵگەیە لە قورئان وسونەت وهیچ بەڵگەیەک لەسەر ئەمە نیە.

بەڵام خاڵی دووەم: ماوەى سوڕی مانگانە ؛ واتا ئەو ماوەیەی تێیدا ئافرەت تووشی سوڕی مانگانە دەبێت.

زانایان زۆر ناکۆکن لەمبارەیەوە لەسەر شەش یان حەوت ڕا، ئیبن مونزیر -ڕەحمەتی خواى لێبێت- دەڵێت: کۆمەڵێک وتوویانە ؛ کەمترین و زۆرترین ڕۆژ بۆ سوڕی مانگانە دیاری نەکراوە.

دەڵێم: وئەم وتەیە وەکو وتەى دارمیە کە پێشتر باسی کرد، وئەمیش ڕای شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیەیە، وڕایەکی پەسەندە ؛ چونکە قورئان وسونەت وسەرەنجامی بەرچاو ئاماژەیان بۆ کردووە.

بەڵگەی یەکەم:

﴿وَيَسۡـَٔلُونَكَ عَنِ ٱلۡمَحِيضِۖ قُلۡ هُوَ أَذٗى فَٱعۡتَزِلُواْ ٱلنِّسَآءَ فِي ٱلۡمَحِيضِ وَلَا تَقۡرَبُوهُنَّ حَتَّىٰ يَطۡهُرۡنَۖ...﴾

خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿(ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) پرسیارت لێده‌که‌ن ده‌رباره‌ی (عاده‌تی مانگانه‌ی ئافره‌ت) پێیان بڵێ: ئه‌وه ئازارو زه‌ره‌ره‌، که‌وابوو خۆتان به دوور بگرن له هاوسه‌ره‌کانتان که له‌و حاڵه‌ته‌دا بن و نزیکیان مه‌که‌ون تا پاک ده‌بنه‌وه‌﴾ [البقرة:222]، خواى گەورە ماوەى قەدەغەیی جووتبونی لەگەڵ خێزان دیاری نەکردووە، وماوەکەی دانەناوە بە چەند شەو وڕۆژێک ؛ بۆ نمونە سێ یان سیانزە ڕۆژ، ئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هۆکاری حوکمە کە سوڕی مانگانەیە بە بوونی یان نەبوونی، بۆیە هەرکاتێک سوڕی مانگانە بوونی هەبێت ئەوا حوکمەکانیشی بەسەردا جێبەجێ دەبێت، وهەرکاتێک لێی پاک بێتەوە ئەوا حوکمەکانى لەسەر لادەچێت.

بەڵگەى دووەم:

مَا ثَبَتَ فِي صَحِيحِ مُسْلِمٍ أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ لِعَائِشَةَ وَقَدْ حَاضَتْ وَهِيَ مُحْرِمَةٌ بِالْعُمْرَةِ: «افْعَلِي مَا يَفْعَلُ الْحَاجُّ، غَيْرَ أَنْ لَا تَطُوفِي بِالْبَيْتِ حَتَّى تَطْهُرِي». قَالَتْ: فَلَمَّا كَانَ يَوْمُ النَّحْرِ طَهُرْتُ. الْحَدِيثُ.

وهاتووە لە سەحیحی [مسلم] کاتێک عائیشە تووشی سوڕی مانگانە بوو لە حاڵەتی ئیحرامدابوو ، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: «ئەوەى حاجیان دەیکەن تۆش ئەنجامی بدە جگە لەوە نەبێت تەواف مەکە بە دەوری کەعبە هەتاوەکو پاک دەبیتەوە»، دەڵێت: کاتێک ڕۆژی قوربانی بوو ؛ پاک بوومەوە، هەتاوەکو کۆتایی فەرموودەکە.

ولە هەردوو سەحیحدا هاتووە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: «چاوەڕوان بە ئەگەر پاک بوویتەوە ؛ بەرەو تەنعیم بڕۆ»، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کۆتایی قەدەغەکردنی بەستەوە بە پاکبوونەوە لە سوڕی مانگانە، وماوەیەکی دیاریکراوی بۆ دانەنا، ئەمیش بەڵگەیە لەسەر ئەوەى حوکمەکە پەیوەستە بە سوڕی مانگانەوە بە بوونی یان نەبوونی.

بەڵگەى سێیەم: ئەم مەزەندە و وردەکاریانە کە باسکراوە لەلایەن فەقیهەکانەوە لەم مەسەلەیەدا بوونی نیە لە کتێبی خواى گەورە -سبحانه وتعالى- وبوونی نیە لە سونەتی پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەرچیش پێویست دەکات ڕوون بکرێتەوە، ئەگەر شتێکی واجب بووایە لەسەر بەندەکان تێی بگەن وپەرستنی خواى گەورە بووایە ئەوا خواى گەورە وپێغەمبەرەکەى -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونیان دەکردەوە بۆ هەموو یەکێک؛ بەهۆی گرنگی ئەو حوکمانەى پەیوەستن پێوەى لە نوێژکردن وڕۆژووگرتن وسەرجێیی کردن وتەڵاق ومیرات وهتد لە حوکمەکان، هەروەکو چۆن خواى گەورە وپێغەمبەرەکەى ژمارەی نوێژەکان وکاتەکانیان وڕکوع وسوجدەکانیان ڕوون کردووەتەوە، وزەکات: سامانەکان وبڕی دیاریکراو بۆ ئەوەى زەکات فەرز بێت وبڕەکەى وئەوانەى شایستەن پێیان بدرێت، وڕۆژووگرتن: ماوەکەى وکاتەکەى، وحەج وهتد لە پەرستنەکان ومامەڵەکان، تەنانەت ئەم شتانەیش کراوە: ئادابەکانى خواردن وخواردنەوە وخەوتن وجووتبوون ودانیشتن وچوونە ماڵ ودەرچوون لێی، وچوونە سەر ئاو، وتەنانەت ژمارەی جارەکانى خۆپاککردنەوە بەبەرد باسکراوە، وجگە لەمانە لە ورد ودرشتی شتەکان، لەو شتانەى خواى گەورە ئاینی پێ کامڵ کرد، ونیعمەتی خۆی بەخشی بە ئیمانداران.

﴿...وَنَزَّلۡنَا عَلَيۡكَ ٱلۡكِتَٰبَ تِبۡيَٰنٗا لِّكُلِّ شَيۡءٖ...

هەروەکو خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿وقورئانیشمان بۆ تۆ دابه‌زاندووه‌، ڕوونکه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتێکه‌﴾ [النحل:89]،

وهەروەها دەفەرموێت: ﴿...مَا كَانَ حَدِيثًا يُفْتَرَى وَلَـكِن تَصْدِيقَ الَّذِي بَيْنَ يَدَيْهِ وَتَفْصِيلَ كُلَّ شَيْءٍ... واتە: ﴿وه‌ نه‌بێت ئه‌م قورئانه قسه‌و باسێك بێت هه‌ڵبه‌سترابێت، به‌ڵکو به‌ڕاست دانه‌ری ئه‌وه‌یه که له پێش خۆیه‌وه هاتووه (ته‌ورات و ئینجیل) و ڕوونکه‌ره‌وه و جیاکردنه‌وه‌ی هه‌موو شتێکی پێویسته له‌ئایندا﴾ [يوسف:111].

کاتێک کە ئەم مەزەندە و وردەکاریانە باس نەکراون لە قورئان وسونەت ؛ ئەمە بەڵگەى ئەوەیە هیچ بەهەند وگرنگ وەرناگیرێن، بەڵکو ئەوەى بە گرنگ وەردەگیرێت بریتیە لە سوڕی مانگانە کە حوکمە شەرعیەکان پێوەى پەیوەستن ئەگەر ئافرەت تووشی هاتبێت یان تووشی نەهاتبێت، وئەم بەڵگەیە -مەبەست ئەوەیە-: باس نەکردنی حوکمی لە قورئان وسونەتدا بەڵگەیە لەسەر ئەوەى بەهەند وەرناگیرێت -ئەمە بنچینەیەکە سوودی دەبێـت لەم بابەتە ولە بابەتی زانستی تریشدا-؛ چونکە حوکمە شەرعیەکان تەنها بە بەڵگە لە شەریعەتەوە (لە قورئان یان سونەت) جێگیر دەکرێن وبڕیاریان لەسەر دەدرێت یان یەکدەنگی زانایان یان قیاسێکی دروست. شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە لە بنچینەیەکیدا دەڵێت: «هەمان شت دەووترێت سەبارەت بە سوڕی مانگانە -حەیز- ؛ خواى گەورە زۆر حوکمی جیاوازى پێوە بەستووە لە قورئان وسونەتدا، وماوەیەکی دیاری نەکردووە بۆ زۆرترین وکەمترین رۆژ، وهەروەها ماوەى پاکێتی دیاری نەکردووە لە نێوان دوو سووڕی مانگانە ئەگەرچیش زۆر پێویستە لەلایەن مسوڵمانانەوە، بۆیە هەرکەسێک ماوەیەک دیاری بکات ئەوا پێچەوانەى قورئان وسونەت وەستاوە».

بەڵگەى چوارەم: لێکدانەوەى ڕاست، واتا: قیاسی -پێوانى- دروست، چونکە خواى گەورە وەسفی سوڕی مانگانەى کردووە بەوەى ئازارە، بۆیە هەرکاتێک سوڕی مانگانە هەبوو ئەوا ئازار هەیە، وجیاوازى نیە لەنێوان ڕۆژی یەکەم ودووەم، وبەهەمان شێوە لەنێوان رۆژی چوارەم وسێیەم، وجیاوازى نیە لەنێوان ڕۆژی شانزەیەم وپانزەیەم، وهەروەها لەنێوان هەژدەیەم وحەڤدەیەم، سوڕی مانگانە سوڕی مانگانەیە وئازار ئازارە، هۆکارەکان بوونیان هەیە لە هەردوو رۆژەکەدا بەیەکسانی، ئیتر چۆن دەکرێت جیاوازى بکرێت لەحوکمدا لەنێوان ئەو دوو ڕۆژە ئەگەرچیش لە بوونی هۆکارەکەدا یەکسانن؟ ئایا ئەمە پێچەوانەى قیاسی دروست نیە؟ ئەگەر بڵێین هەردوو ڕۆژەکە یەکسانن لە حوکمدا چونکە لە هۆکاردا یەکسانن؟

بەڵگەى پێنجەم: جیاوازى ڕای ئەوانەى ماوەکەیان دیاریکردووە، ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى لە مەسەلەکەدا بەڵگەیەک نیە کە سەرەنجام بۆ لای بگەڕێینەوە، بەڵکو چەند حوکمێکی ئیجتیهادیە لەوەیە تووشی هەڵە یان ڕاستی بێت، هیچ یەکێکان لەپێشتر نیە بۆ شوێنکەوتنی دوور لە ئەوانى تر، وسەرچاوە -مەرجەع- لەکاتی ناکۆکی دەبێت قورئان وسونەت بێت.

کە ڕوون بوویەوە بەهێزی ئەو ڕایەى دەڵێت: کەمترین وزۆرترین ماوە نیە بۆ سووڕی مانگانە، وڕای پەسەندە وبزانە هەرشتێک ئافرەت بیبینێت لە خوێنی سروشتی کە هۆکارێکی نەبێت وەکو برین وشتی تر ئەوا خوێنی سوڕی مانگانەیە بەبێ دیاریکردنی ماوەیەک یان تەمەنێک مەگەر بەردەوام لەگەڵ ئافرەتەکە بێت ونەپچڕێت یان ماوەیەکی کەم بپچڕێت وەکو ڕۆژێک یان دووان لە مانگدا، لەم حاڵەتەدا خوێنی ئیستیحازەیە، و -إن شاء الله تعالـى- خوێنی ئیستیحازە ڕوون دەکەینەوە لەگەڵ باسکردنی حوکمەکانى.

شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە دەڵێت: وبنچینە لە هەموو شتێک لە ئافرەتەوە دەردەچێت لە منداڵدانیەوە ؛ سوڕی مانگانەیە هەتاوەکو بەڵگەیەک هەبێت لەسەر ئەوەى خوێنی ئیستیحازەیە. وهەروەها دەڵێت: هەر خوێنێک لە ئافرەتەکە دەربچێت ئەوا خوێنی سوڕی مانگانەیە مەگەر بزانرێت خوێنی دەمارە یان برینە. وئەم ڕایە پەسەندە لەڕوانگەى بەڵگەوە وهەروەها نزیکترینە لە تێگەیشتنی ڕاست، وکارپێکردنی ئاسانە بەبەراورد لەگەڵ ڕای ئەوانەى ماوەکە دیاری دەکەن، بۆیە لەپێشترە بۆ قبوڵکردن چونکە بەپێی ڕۆحی ئاینی ئیسلام وبنچینەکەیەتی لەڕوانگەى ئاسانکاریەوە، خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...وَمَا جَعَلَ عَلَيۡكُمۡ فِي ٱلدِّينِ مِنۡ حَرَجٖ... واتە: ﴿ و له ئاین و به‌رنامه‌که‌یدا هیچ جۆره شتێكی ناڕه‌واو قورس و گرانی له‌سه‌ر دانه‌ناون (که نه‌توانن ئه‌نجامی بده‌ن،)﴾ [الحج:78]،

وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «إِنَّ الدِّينَ يُسْرٌ وَلَنْ يُشَادَّ الدِّينَ أَحَدٌ إِلَّا غَلَبَهُ فَسَدِّدُوا وَقَارِبُوا وَأَبْشِرُوا». «دینداری ئاسانە، هەرکەسێک دینداری (ئاینداری) لەسەر خۆی گران بکات وبە زیادەڕەوی وزۆر بە توندی بیگرێت؛ ئەوا ئاینەکە کۆڵی پێدەدات؛ جا بۆیە ڕێگای ڕاست -مامناوەند- بگرن (ئەگەر ئەمە ناتوانن بکەن ئەوا) شتێکی نزیک لێوەى ئەنجام بدەن وموژدەتان لێبێت» [رواه البخاري].

وڕەوشتی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وابووە: «ئەگەر بژاردەى پێبدرایە لەنێوان دوو شت ئەوا ئاسانەکەیانی هەڵدەبژارد ئەگەر گوناهی تێدا نەبووایە».

سوڕی مانگانەى ئافرەتی سکپڕ:

زۆرجار ئەگەر ئافرەت سکپڕ بێت ؛ خوێنی سوڕی مانگانەی دەپچڕێت، ئیمام ئەحمەد -ڕەحمەتی خواى لێبێت- دەڵێت: «ئافرەتان دەزانن سکپڕن بەهۆی پچڕانی خوێنەوە -خوێنی سوڕی مانگانە-»، ئەگەر ئافرەتی سکپڕ خوێنی بینی پێش ئەوەى منداڵەکەى ببێت بە ڕۆژێک یان دووان و ئازاری -گرژبونی منداڵدانى- لەگەڵدا بێـت ئەوا خوێنی زەیستانیە، وئەگەر پێش منداڵبوون بێت بە ماوەیەکی زۆر یان بەماوەیەکی کەم بەڵام ئازاری -گرژبونی منداڵدانى- لەگەڵدا نەبێت ئەوا ئەمە خوێنی زەیستانی نیە، بەڵام ئایا سوڕی مانگانەیە کە حوکمەکانى سوڕی مانگانە بیگرێتەوە یان خوێنێکی پوچەڵە حوکمەکانى سووڕی مانگانە نایگرێتەوە؟

لەم بابەتەدا ناکۆکی هەیە لەنێوان زانایان، وڕای دروست ئەوەیە خوێنی سوڕی مانگانەیە ئەگەر زۆر جار تووشی ببێت لەماوەى عادەی ئاسایی خۆی؛ چونکە بنچینە لەوەى تووشی ئافرەت دەبێت لە خوێن ئەوەیە خوێنی سوڕی مانگانەیە؛ ئەگەر هۆکارێک نەبێت ڕێگری بکات لەوەى خوێنی سوڕی مانگانە بێت.

وئەمە مەزهەبی ئیمام مالیک وشافیعیە، وهەروەها بژاردەى شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیەیە لە (الاختیارات: ل30) دەڵێت: وبەیهەقی ئەم ڕایە دەگێڕێتەوە لە ئەحمەدەوە، بەڵکو گەڕاوەتەوە بۆ سەر ئەم ڕایە پاش ئەوەى لەسەر ڕایەکی تر بوو).

بۆیە ئەو حوکمانە پەیوەستن بە سوڕی مانگانەى ئافرەتی سکپڕەوە ؛ کە پەیوەیستە بە سوڕی مانگانەى ئەوانەى سکپڕ نین، مەگەر لە دوو مەسەلەدا نەبێت:

مەسەلەى یەکەم: تەڵاقدان، حەرامە تەڵاقی ئافرەتێک بدرێت کە سکپڕ نیە لەماوەى سوڕی مانگانەى ئەگەر لەوانە بێت چاوەڕێی عیدە دەکەن، بەڵام تەڵاقدانى ئافرەتی سکپڕ حەرام نییە؛ چونکە تەڵاقدانی ئافرەتێک لەکاتی سوڕی مانگانە کە سکپڕ نەبێت ؛ پێچەوانەى ئەم ئایەتەیە کە خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...فَطَلِّقُوهُنَّ لِعِدَّتِهِنَّ... واتە: ﴿لە کاتی دیاری کراویاندا ته‌ڵاقیان بده‌ن (که بریتیه له‌و کاته‌ی که ئافره‌ت له عاده‌ی مانگانه پاك بۆته‌وه‌)﴾ [الطلاق: 1]﴾ بەڵام تەڵاقدانى ئافرەتی سکپڕ لەکاتی سوڕی مانگانە پێچەوانەى ئەم ئایەتە نیە؛ چونکە هەرکەسێک ئافرەتی سکپڕ تەڵاق بدات ئەگەر تووشی سوڕی مانگانە هاتبێت یان نا ئەوا تەڵاقی داوە بەڕەچاوکردنی عیدەکەى -عیدەى ئافرەتی سکپڕ بریتیە لە منداڵبوونی-؛ بۆیە حەرام نیە تەڵاقی ئافرەتی سکپڕ بدات پاش جووتبون لەگەڵی ؛ بەپێچەوانەى ئافرەتی تر.

مەسەلەى دووەم: سوڕی مانگانەى ئافرەتی سکپڕ ئاماژە نیە بۆ تەواوبوونی عیدەکەى، بەپێچەوانەى حەیزی ئافرەتی تر؛ چونکە عیدەى ئافرەتی سکپڕ تەواو نابێت مەگەر پاش ئەوەى منداڵەکەى دەبێت، ئەگەر تووشی سوڕی مانگانە هاتبێت یان نا؛ خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...وَأُوْلَاتُ الأَحْمَالِ أَجَلُهُنَّ أَن يَضَعْنَ حَمْلَهُنَّ... واتە: ﴿ئه‌و ئافره‌تانه‌ش که سکیان هه‌یه ماوه‌که‌یان ئه‌وه‌نده‌یه تا سکه‌که‌یان داده‌نێن﴾ [الطلاق:4].

- بەشی سێیەم: گۆڕانکاری نا نائاسایی لە سوڕی مانگانە.

ئەو گۆڕانە نائاساییانە لە سوڕی مانگانە ڕوودەدەن، چەند جۆرێکن:

جۆری یەکەم: زیاد بوون وکەمبوونی رۆژەکانى سووڕی مانگانە، وەکو ئەوەى سوڕی مانگانەى شەش ڕۆژ بێت، بەڵام خوێن بەردەوام دەبێت هەتاوەکو حەوت، یان حەوت ڕۆژ بێت بەڵام لەرۆژی شەشەم پاک بێتەوە.

جۆری دووەم: پێشکەوتن یان دواکەوتنی سوڕی مانگانە، وەکو ئەوەى سوڕی مانگانەکەى لە کۆتایی مانگ بێت بەڵام لە سەرەتای مانگدا تووشی دەبێت، یان سوڕی مانگانەکەى لەسەرەتای مانگ بێت بەڵام لە کۆتاییەکەى تووشی دەبێت.

وزانایان ناکۆکن لە حوکمدان لەسەر ئەم دوو جۆرە وڕای دروست ئەوەیە هەرکاتێک ئافرەت خوێنی بینی ئەوا خوێنی سوڕی مانگانەیە، وهەرکاتێک پاک بوویەوە لێی ئەوا پاکە، ئەگەر ژمارەی رۆژەکانى سوڕی مانگانەى زیاتر یان کەمتر بێت، وپێشبکەوێت یان دوابکەوێت، وپێشتر باسی بەڵگەکان کرا لەسەر ئەم مەسەلەیە، چونکە شەریعەت حوکمەکانى سوڕی مانگانەى بەستووەتەوە بە بوونی سوڕی مانگانە.

وئەمە مەزهەبی ئیمامی شافیعی، وبژاردەى شێخی ئیسلام ئیبن تەیمەیەیە، وئیبن قودامە دانەرى کتێبی (المغني) ئەم ڕایەی بە بەهێزترین داناوە وسەری خستووە، ودەڵێت: (ئەگەر ماوەى سوڕی مانگانە بەو پێیە بێ کە مەزهەب دیاریکردووە -دیارە مەبەستی مەزهەبی حەنبەلیە چونکە دانەر خۆی حەنبەلیە- ئەوا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونی دەکردەوە بۆ ئومەتەکەى وهەرگیز ڕوونکردنەوەى وا گرنگی دوانەدەخست؛ چونکە دواخستنی ڕوونکردنەوەیەکی پێویست لەکاتی خۆیدا ؛ ڕێگەپێدراو نیە، وخێزانەکانى وهەموو ئافرەتان پێویستیان بە ڕوونکردنەوەیە لەسەر ئەم بابەتە لە هەموو کاتێک، وهەرگیز بێئاگا نەبووە لە ڕوونکردنەوەى، ولە ئەو نەهاتووە -صلى اللە علیە وسلم- کە هیچ شتێکی باسکردبێت سەبارەت بە -ماوەى- سوڕی مانگانە مەگەر دەرهەق بە ئافرەتی ئیسیحازەدار نەبێت).

جۆری سێیەم: زەرداو و لێڵاو، بەشێوەیەک خوێنەکە دەبینێت زەردی لەگەڵدایە وەکو برین یان تێکەڵە ولێڵاوە لەنێوان زەرد وڕەش، ئەمە ئەگەر لەکاتی سوڕی مانگانە بێت یان لەگەڵی بێت پێش پاکبوونەوە ئەوا سوڕی مانگانەیە بۆیە حوکمەکانى سوڕی مانگانەى بەسەردا جێبەجێ دەبێت، وئەگەر لەپاش پاکبوونەوە بێت ئەوا سوڕی مانگانە نیە؛

لِقَوْلِ أُمِّ عَطِيَّةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا: «كُنَّا لَا نَعُدُّ الصُّفْرَةَ وَالْكُدْرَةَ بَعْدَ الطُّهْرِ شَيْئًا». رَوَاهُ أَبُو دَاوُدَ بِسَنَدٍ صَحِيحٍ.

لە دایکی عەتیەوە، نوسەیبەی کچی حاریسی ئەنساڕیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «دەستوورمان وابوو لە پاش پاکبوونەوە لە بێنوێژی: لێڵاو وزەرداومان بە هیچ دانەدەنا». [رواه أبو داود بسندٍ صحيحٍ]، وهەروەها [البخاري] دەیگێڕێتەوە بەبێ باسکردنی دەستەواژەى : (لەپاش پاکبوونەوە)، بەڵام ناونیشانی بابەتەکە بەم شێوەیە : (بابەتی زەرداو و لێڵاو لە ڕۆژانی تر جگە لەڕۆژانی سوڕی مانگانە: باب الصّفرة والكدرة في غير أيام الحيض). ئیبن حەجەر لە شیکردنەوەی سەحیحی بوخاری بەناوى (فتح الباري) دەڵێت: «ئەمەى ووت بۆ کۆکردنەوە لەنێوان فەرموودەى عائیشە کە پێشتر هێناى : (هەتاوەکو پارچە سپیەکە دەبینیت)، وهەروەها فەرموودەى (ئوم عەتیە) کە لەم بابەتەدا باسکراوە، وفەرموودەکەى عائیشە لەو ڕوانگەوەیە ئەگەر زەرداو و لێڵاوی بینی لەڕۆژەکانى سوڕی مانگانە، بەڵام ئەگەر لە ڕۆژەکانى تر بینی ئەوا فەرموودەکەى ئوم عەتیە ڕەچاو دەکرێت». وفەرموودەکەى عائیشە کە ئاماژەى بۆی کردووە لەوانەیە کە بوخاری بە موعەلەقی هێناویەتی (موعەلەقی واتە گێڕانەوەیەکە کە لەسەرەتای زنجیرەی گێڕەرەوەکاندا کەسێک یان زیاتر باس نەکراون لە گێڕەوانی فەرموودەکە) پێش ئەوەى باسی ئەم بەشە بکات، ئافرەتان هەندێک شتیان بۆ عائیشە دەنارد وەکو پارچە پەموویەک کە زەردی لەگەڵدا بوو بۆئەوەى بزانن شوێنەوارى حەیز ماوە، ئەویش دەیووت: «پەلە مەکەن هەتاوەکو پارچە سپیەکە دەبینن». وپارچە سپیەکە ئاوێکی سپیە کە لە منداڵدانى ئافرەتەوە دەردەچێت لەکاتی پچڕانی سوڕی مانگانە.

جۆری چوارەم: خوێن هاتن وسوڕی مانگانەى نائاسایی : بەشێوەیەک ڕۆژێک خوێن ببینێت ورۆژەکەى پاشتر پاکێتی ببینێـت، وبەم شێوەیە ئەمە دوو حاڵەتی هەیە:

حاڵەتی یەکەم: ئەمە بەردەوام بێت لەگەڵ ئافرەت لەهەموو کاتێک، ئەمە خوێنی ئیستیحازەیە (ئیستیحازە: ئەو خوێنەیە کە تووشی هەندێک ئافرەت دەبێت ولە پاش تەواوبوونی کاتی سووڕی مانگانەوە -کاتی حەیزەوە- هەر بەردەوام دەردەچێت، واتا هیچ پەیوەندییەکی نییە بە سووڕی مانگانەوە) و بە خوێنی ئیستیحازە دادەنرێت وحوکمەکانى ئیستیحازە دەیگرێتەوە.

حاڵەتی دووەم: لەگەڵ ئافرەت بەردەوام نەبێت، بەڵکو هەندێک کات تووشی بێت، وکاتي پاکبوونەوەى هەبێت، زانایان ناکۆکن لەبارەی ئەم پاکبوونەوەیە، ئایا بە پاکبوونەوە دادەنرێت یان حوکمەکانى سوڕی مانگانەى بەسەردا جێبەجێ دەبێت؟

لە ڕاستترین دوو ڕای مەزهەبی شافیعی ئەوەیە کە حوکمەکانى سوڕی مانگانەى بەسەردا جێبەجێ دەبێت، بۆیە بە سوڕی مانگانە دادەنرێت، وئەمیش بژاردەی شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە ، ودانەری کتێبی (الفائق)، ومەزهەبی ئەبی حەنیفەیە، وئەم قسەیە بنیات نراوە لەسەر ئەوەى لەڕاستیدا پارچە سپیەکە لەم ماوەیەدا نابینرێت؛ چونکە ئەگەر بە پاکبوونەوە دابنرێت ئەوا ماوەکەى پێشی بە سوڕی مانگانە دادەنرێت، وماوەى پاشی بە سوڕی مانگانە دادەنرێت، وهیچ کەسێک ئەم قسەی نەوتووە، ئەگەرنا ماوەی سوڕی مانگانە بە پێنج ڕۆژ تەواو دەبوو: چونکە ئەگەر بە ماوەى پاکبوونەوە دابنرێت ئەوا ئەمە بە قورسی وناڕەحەتی دادەنرێت چونکە دەبێت خۆی بشوات هەموو دوو ڕۆژ جارێک، ولابردنی ناڕەحەتی وبارگرانی ڕەچاوکراوە لەم شەریعەتەدا والحمد الله.

و لەبەناوبانگترین ڕای مەزهەبی حەنبەلی ئەوەیە هاتنی خوێن سوڕی مانگانەیە وپچڕانی پاکبوونەوەیە مەگەر بەکۆی هەردوویان زیاتر بێت لە زۆرترین رۆژەکانى سوڕی مانگانە، بۆیە ئەو رۆژە زیادانە بە خوێنی ئیستیحازە دادەنرێت.

ودانەری کتێبی (المغني) دەڵێت: «ئەو ماوەیەی کە تێیدا هاتنی خوێن دەوەستێت کەمتر بێت لە ڕۆژێک، نابێت ئەمە بە پاکبوونەوە دابنرێت، هەروەکو باسمان کرد لە گێڕانەوە سەبارەت بە زەیستانى کە ئاوڕ نادرێتەوە بۆ وەستانی خوێن لە کەمتر لە ڕۆژێک وئەمیش ڕاستترینە -إن شاء الله- چونکە خوێن جاری وا هەیە دێت وجاری وا هەیە دەپچڕێت، و واجب کردنی خۆشۆردن لەسەر ئەو کەسەی کاتژمێرێک پاکە وکاتژمێرێکی تر پاک نییە وبەو شێوەیە ؛ ئەمە بارگرانی وناڕەحەتیە ودەبێت دوور بخرێتەوە؛ چونکە خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...وَمَا جَعَلَ عَلَيۡكُمۡ فِي ٱلدِّينِ مِنۡ حَرَجٖ... واتە: ﴿وئه‌و زاته بۆ ئه‌وه هه‌ڵی بژاردوون و له ئاین و به‌رنامه‌که‌یدا هیچ جۆره شتێكی ناڕه‌واو قورس و گرانی له‌سه‌ر دانه‌ناون (که نه‌توانن ئه‌نجامی بده‌ن)﴾ [الحج:78]، دەڵێت: بۆیە پچڕانی خوێن کەمتر لە ڕۆژێک بە پاکبوونەوە دانانرێت مەگەر شتێک هەبێت کە ئاماژەى بۆ بکات وەکو ئەوەى پچڕانی لە کۆتایی ماوەى سوڕی مانگانەى بێت یان پارچە سپیەکە ببینێت».

بۆیە قسەی ئیبن قودامە (دانەری کتێبی -المغني-) بە وتەیەکی مامناوەند دادەنرێت لەنێوان هەردوو وتەکە، وخواى گەورە زاناترە بە پەسەندترینیان.

جۆری پێنجەم: وشکبوونەوە: کاتێکە کە ئافرەت شوێنەواری خوێن نابینێت وتەنها هەست بەتەڕی دەکات، ئەمە ئەگەر لەکاتی سوڕی مانگانە بێت یان لەگەڵی بێت پێش پاکبوونەوە ئەوا ئەمە بە سوڕی مانگانە دادەنرێت، وئەگەر لەپاش سوڕی مانگانە بێت ؛ ئەوا بە سوڕی مانگانە دانانرێت؛ چونکە حاڵەتەکەى دەبێت وەکو زەرداو و لێڵاو مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت، وئەمە حوکمەکەیەتی.

 

بەشی چوارەم: حوکمەکانى سوڕی مانگانە -حەیز-

سوڕی مانگانە حوکمی زۆری هەیە زیاترە لە بیست حوكم وئێمە لێرەدا ئەوانەیان باس دەکەین کە زۆر پێویستە :

یەکەم: نوێژکردن: حەرامە لەسەر ئافرەتی حەیزدار نوێژ بکات (نوێژی فەرز وسونەت)، و نوێژکردنی دروست نیە، وهەروەها نوێژکردن لەسەری واجب نیە مەگەر بە پاکێتیەوە بگاتە کاتى نوێژەکە هێندەى ماوەى ئەنجامدانى ڕکاتێک، بۆیە لەم حاڵەتەدا واجبە نوێژەکەى بکات، ئەگەر لەسەرەتاى یان کۆتایی کاتی نوێژەکە بێت.

نمونە لەسەر ئەم حاڵەتە: ئافرەتێک تووشی سوری مانگانە بووە لەپاش خۆر ئاوا بوون هێندەى ماوەى کردنی ڕکاتێک بۆیە واجبە لەسەری ئەگەر پاکبوویەوە ؛ نوێژی مەغریب قەزا بکاتەوە چونکە گەیشتووە بە کاتی نوێژەکە هێندەی ماوەى کردنی ڕکاتێک پێش ئەوەى تووشی سوڕی مانگانە بێت.

نمونەیەکی تر: ئافرەتێک پاکبوویەوە لە سوڕی مانگانە پێش ئەوەى خۆر دەربچێت هێندەى ماوەى کردنی ڕکاتێک بۆیە واجبە لەسەری ئەگەر پاکبوویەوە ؛ نوێژی بەیانی قەزا بکاتەوە چونکە گەیشت بە کاتی نوێژەکە هێندەی ماوەیەک کە دەکرێت ڕکاتێکی تێدا ئەنجامبدرێت.

بەڵام ئەگەر ئافرەتی حەیزدار گەیشت بەکاتی نوێژەکە ماوەیەک کە ناکرێت ڕکاتێکی کامڵی تێدا ئەنجام بدرێت، وەکو ئەوەى تووشی سوڕی مانگانە بێت لە نمونەی یەکەم لەپاش خۆر ئاوابوون بە ساتێکی زۆر کەم یان پاک بێتەوە لە نمونەى دووەم پێش ئەوەى خۆر دەربچێت بە ساتێکی زۆر کەم، نوێژکردن لەسەری واجب نیە، چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت:

«مَنْ أَدْرَكَ رَكْعَةً مِنَ الصَّلَاةِ فَقَدْ أَدْرَكَ الصَّلَاةَ».

«هەرکەسێک بگات -بەئەنجامدانى- ڕکاتێک لە نوێژ ئەوا گەیشتووە -بەئەنجامدانى- نوێژەکە -لەکاتی خۆیدا-» [متفق علیه]. بۆیە لە واتای فەرموودەکە ئەوەیە هەرکەسێک بگات بەماوەیەک کە کەمتر بێت بۆ کردنی ڕکاتێک ئەوا لەڕاستیدا نەگەیشتووە بەکاتی نوێژەکە.

وئەگەر گەیشت بە ماوەى کردنی ڕکاتێک لە کاتى نوێژی عەسر ئایا واجبە لەسەری نوێژی نیوەڕۆ لەگەڵ عەسر بکات، یان وئەگەر گەیشت بە ماوەى کردنی ڕکاتێک لە کاتى نوێژی عیشا ئایا واجبە لەسەری نوێژی مەغریب لەگەڵ عیشا بکات؟

لەم بابەتەدا ناکۆکی هەیە لەنێوان زانایان، وڕای دروست ئەوەیە واجب نیە لەسەری جگە لەو نوێژە نەبێت کە گەیشتووە بە کاتەکەى، ئەویش لە نمونەکەدا بریتین لە نوێژەکانى عەسر وعیشا بەتەنها؛

چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «مَنْ أَدْرَكَ رَكْعَةً مِنَ الْعَصْرِ قَبْلَ أَنْ تَغْرُبَ الشَّمْسُ فَقَدْ أَدْرَكَ الْعَصْرَ» «هەرکەسێک بگات -بەئەنجامدانى- ڕکاتێک لە نوێژی عەسر پێش ئەوەى خۆر ئاوا بێت ئەوا گەیشتووە بەکاتى ئەنجامدانى- نوێژی عەسر-» [متفق علیه]، وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نەیفەرموو : گەیشتووە بە ئەنجامدانى نوێژەکانى نیوەڕۆ وعەسر. وباسی ئەوەى نەکرد کە کردنی نوێژی نیوەڕۆ واجبە لەسەری، وبنچینە بریتیە لەوەی لەسەری نیە، وئەمە مەزهەبی ئەبی حەنیفە ومالیکە دانەری کتێبی « شرح المهذب» لە ئەبو حەنیفە ومالکە وە گێڕاویەتەوە

بەڵام سەبارەت بە زیکر وتەسبیح -وتنی: سبحان للە- وتەکبیر -وتنی: الله أکبر- وتەحمید -وتنی : الحمد لله-، وناوهێنانی خواى گەورە لەسەر خواردن -وتنی: بسم الله-، وخوێندنەوەى فەرموودە وفیقهـ ونزا وئامین کردن لەسەر نزا ؛ حەرام نیە ئەمانە بکات، «أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ كَانَ يَتَّكِئُ فِي حِجْرِ عَائِشَةَ رَضِيَ اللهُ عَنْهَا وَهِيَ حَائِضٌ فَيَقْرَأُ الْقُرْآنَ» چونکە لە هەردوو سەحیح وسەرچاوەى تریش هاتووە لە عائیشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- لە باوەشم پاڵی دەدایەوە، وقورئانی دەخوێند لەکاتێکدا حەیزدار بووم».

لە ئوم عەتیە نوسەیبەی ئەنساڕیەوە -ڕەزای خوای لێبێت- دەڵێت کە گوێی لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بوو کە دەیفەرموو:

«يَخْرُجُ الْعَوَاتِقُ وَذَوَاتُ الْخُدُورِ وَالْحُيَّضُ -يَعْنِي: إِلَى صَلَاةِ الْعِيدَيْنِ- وَلْيَشْهَدْنَ الْخَيْرَ، وَدَعْوَةَ الْمُؤْمِنِينَ، وَيَعْتَزِلُ الْحُيَّضُ الْمُصَلَّى» «کچە گەنجەکان وئەو کچانەش کە لە ماڵەوەن دەربچن -لەماڵ بۆ ئەنجامدانى نوێژی دوو جەژنەکە- بۆئەوەى ئامادەى خێر ونزای ئیمانداران بن وئەوانەی کە تووشی سووڕی مانگانە بوون لە شوێنی نوێژکردنی مسوڵمانان -موسەڵا- نزیک نەبنەوە».

بەڵام ئەگەر ئافرەتی حەیزدار لەنەفسی خۆیدا قورئان بخوێنێت ئەگەر بەچاو سەیری بکات و بەدڵ بیری لێبکاتەوە بەبێ ئەوەى بیخوێنێت بە زوبان ئەوا ئەمە ئاساییە وەکو ئەوەى قورئانێک لە پێشی دابنرێت یان پارچەیەک کە قورئانی لەسەر نووسرابێت وئایەتەکانى لەسەر بخوێنێتەوە لەدڵیەوە.. نەوەوی لە شەرحی (المهذب) دەڵێت: (ڕێگەپێدراوە بەبێ ناکۆکی). بەڵام ئەگەر بە زمان بخوێنێتەوە ئەوا ڕای زۆرینەى زانایان ئەوەیە کە ئەمە قەدەغەیە وجائیز نیە، بەڵام (بوخاری وئیبن جەریری تەبەری وئیبن مونزیر) دەڵێن: ئەمە ڕێگەپێدراوە. لە مالیک وشافیعیش گێڕدراوەتەوە لە ڕای پێشوویان؛ لە ئەوانەوە دەیگێڕێتەوە لە (فتح الباري)، وهەروەها ئیمامی بوخاری بە موعەلەقی دەیگێڕێتەوە لە ئیبراهیمی نەخەعیەوە کە دەڵێت: ئاساییە -ئافرەتی حەیزدار- ئایەتێک بخوێنێـتەوە.

لە (مجموع الفتاوى) شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە دەڵێت: «ڕێگرتن لە ئافرەت لە خوێندنەوەى قورئان هیچ شتێکی لەسەر نەهاتووە لە سونەتدا وبنچینەى نیە، وکاتێک دەفەرموێت: (حەیزدار ولەشگران هیچ قورئان نەخوێنێت) ئەمە فەرموودەیەکی لاوازە بە یەکدەنگی زانایانی فەرموودەناس، وئافرەتان لەسەردەمی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- تووشی سوڕی مانگانە دەبوون وئەگەر خوێندنەوەى قورئان لەسەریان حەرام بووایە وەکو نوێژ ئەوا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕوونی دەکردەوە بۆ ئومەتەکەى ودایکانی ئیمانداران ڕوونیان دەکردەوە وبۆ خەڵکی باسیان دەکرد، وکاتێک هیچ یەکێک لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- نەهی نەگێڕاوەتەوە لەسەر ئەم بابەتە بۆیە نابێت حەرام بکرێت ئەگەرچیش بزانرێت کە ئەو نەهی لێیان نەکردووە، وئەگەر نەهی لێنەکردبێت ئەگەرچیش سوڕی مانگانە زۆر بێت لەسەردەمی ئەودا بۆیە زانراوە کە حەرام نیە».

پاش ئەوەى ناکۆکی زانایانمان زانى لەسەر ئەم بابەتە؛ پێویستە بزانین: باشتر وایە ئافرەتی حەیزدار قورئان نەخوێنێت بەزمان ودەربڕینەوە مەگەر زۆر پێویست بێت وەکو ئەوەى مامۆستا بێت وپێویستە قوتایبەکان فێر بکات، یان لەکاتی تاقیکردنەوە بێت وفێرخواز دەبێت قورئان بخوێنێـت بۆئەوەی تاقیبکرێتەوە یان هتد هاوشێوەى ئەم حاڵەتانە.

دووەم: ڕۆژووگرتن: حەرامە لەسەر ئافرەتی حەیزدار ڕۆژوو بگرێت ؛ سونەت وفەرز، بەڵام واجبە ئەو ڕۆژانەى بەهۆی سوڕی مانگانەوە ڕۆژووی فەرزی نەگرتووە ؛ دەبێت قەزایان بکاتەوە لەپاش ڕەمەزان، بەهۆی فەرموودەى عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- کە دەڵێت:

"كَانَ يُصِيبُنَا ذَلِكَ -تَعْنِي: الْحَيْضَ- فَنُؤْمَرُ بِقَضَاءِ الصَّوْمِ وَلَا نُؤْمَرُ بِقَضَاءِ الصَّلَاةِ" «ئەوە تووشمان دەبوو -واتا:سوڕی مانگانە- فەرمانمان پێدەکرا بە قەزاکردنەوەى -گرتنەوەى- ڕۆژوو بەڵام فەرمانمان پێنەدەکرا بە قەزاکردنەوەى نوێژەکان» متفق علیه.

وئەگەر تووشی سوڕی مانگانە بوو لەکاتی ڕۆژووگرتنیدا ئەوا ڕۆژووەکەى بەتاڵە، ئەگەرچیش ساتێکی کەم بێت پێش خۆر ئاوابوون، و واجبە لەسەری ئەو ڕۆژە بگرێتەوە ئەگەر ڕۆژووی فەرز بێت.

بەڵام ئەگەر هەستی کرد بەوەى خوێنی حەیز بەناو لاشەیدا دێت ودەچێت ودەرنەچوو پێش خۆر ئاوا بوون ئەوا ڕۆژووەکەى دروست وتەواوە وپوچەڵ نەبووەتەوە بەپێی ڕاستترین وتەى زانایان؛ چونکە ئەو خوێنەى لەناو لاشەی مرۆڤدایە هیچ حوکمێکی لەسەر نییە؛ وهەروەها پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەى ئافرەت دەیبینێـت لەخەودا هەروەکو پیاو: ئایا خۆشۆردنی لەسەرە؟

قَالَ: «نَعَمْ، إِذَا هِيَ رَأَتِ الْمَاءَ». فَعَلَّقَ الْحُكْمَ بِرُؤْيَةِ الْمَنِيِّ لَا بِانْتِقَالِهِ، فَكَذَلِكَ الْحَيْضُ لَا تَثْبُتُ أَحْكَامُهُ إِلَّا بِرُؤْيَتِهِ خَارِجًا، لَا بِانْتِقَالِهِ.

فەرمووی: «بەڵێ، ئەگەر ئاوی -مەنی- بینی»، بۆیە حوکمەکەى بەستەوە بە بینینی مەنی نەک بەهاتن وچوونی لەلاشەدا، و بەهەمان شێوە خوێنی سوڕی مانگانە هیچ حوکمێک لەسەری جێگیر نابێت مەگەر پاش ئەوەی دەردەچێت.

وئەگەر بەرە بەیان دەرچوو وتووشی سوڕی مانگانە هاتبوو ئەوا دروست نیە ئەو ڕۆژە ڕۆژوو بگرێت ئەگەرچیش پاش ساتێکی کەم لە دەرچوونی بەرە بەیان پاک بێتەوە.

وئەگەر پاک بێتەوە پێش دەرکەوتنی بەرە بەیان وڕۆژووی گرت ؛ ئەوا رۆژووەکەى دروستە، ئەگەرچیش دواى دەرکەوتنی بەرە بەیان خۆی بشوات، وەکو ئەو کەسەی لەشگرانە ئەگەر نیەتی ڕۆژووگرتنی هێنا لەکاتێکدا لەشگرانە وخۆی نەشۆرد مەگەر پاش دەرکەوتنی بەرە بەیان نەبێـت ئەوا رۆژووەکەى دروستە؛ "كَانَ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يُصْبِحُ جُنُبًا مِنْ جِمَاعٍ غَيْرِ احْتِلَامٍ ثُمَّ يَصُومُ فِي رَمَضَانَ".

بەهۆی فەرموودەى عائیشەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- کە دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بەیانی بەسەردا دەهات ولەشگران بوو بەهۆی جووتبون نەک بەهۆی خەوتن پاشان رۆژووی رەمەزانی دەگرت» متفق علیه.

حوکمی سێیەم: تەواف کردن بەدەوری کەعبە: حەرامە لەسەر ئافرەتی حەیزدار تەواف بکات بەدەوری کەعبە، نابێت نە تەوافى فەرز و نە تەوافى سونەت بکات، وئەگەر بیکات دروست نیە؛ «افْعَلِي مَا يَفْعَلُ الْحَاجُّ غَيْرَ أَلَّا تَطُوفِي بِالْبَيْتِ حَتَّى تَطْهُرِي» چونکە کاتێک عائیشە تووشی سوڕی مانگانە بوو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: «هەموو شتێک ئەنجام بدە کە حاجی ئەنجامی دەدات مەگەر ئەوە نەبێـت تەواف مەکە بەدەوری کەعبە هەتاوەکو پاک دەبیتەوە».

بەڵام کردەوەکانى تر وەکو سەعی -هاتن وچوون- لەنێوان سەفا ومەروە، و وەستان لە عەرەفە، وشەو مانەوە لە موزەدلفە ومینا، وفڕێدانى بەردەکان وهەروەها دروشمەکانى تری حەج وعومرە ئەمانە ئەنجامدانیان حەرام نیە لەسەر ئافرەتی حەیزدار، بۆیە ئەگەر ئافرەت تەواف بکات بەپاکیەوە پاشان تەواو بێت لە تەوافەکەى وڕاستەوخۆ تووشی سوڕی مانگانە بێت، یان لەکاتی سەعی تووشی بێت ئەمە ئاساییە.

حوکمی چوارەم: تەوافى ماڵئاوایی -طواف الوداع- فەرز نیە لەسەر ئافرەتی حەیزدار: ئەگەر دروشمەکانی تری حەج وعومرەى تەواو کرد وپاشان تووشی سوڕی مانگانە بوو پێش ئەوەى دەربچێت بەرەو شارەکەى خۆی وحەیزەکەى بەردەوام بێت هەتاوەکو دەردەچێت، ئەوا دەڕوات بەبێ تەوافى ماڵئاوایی؛ بەهۆی فەرموودەى ئیبن عەباس -ڕەزاى خوایان لێبێت- کە دەڵێت: «فەرمانکرا بە خەڵکی کە تەواف کردن بەدەوری کەعبە دوایین شت بێت کە دەیکەن، بەڵام جگە لە ئافرەتی حەیزدار» [متفق علیه].

وسونەت نیە بۆ ئافرەتی حەیزدار لەکاتی ماڵئاوایی کردنی بێت بۆ لای دەرگای مزگەوتی حەرام ونزا بکات؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانى بەمە نەکردووە. بەڵکو ئەوەی هاتووە لە پێغەمبەرەوە -صلى اللە علیە وسلم- پێچەوانەى ئەمەیە، فَفِي قِصَّةِ صَفِيَّةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا، حِينَ حَاضَتْ بَعْدَ طَوَافِ الْإِفَاضَةِ، أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ لَهَا: «فَلْتَنْفِرْ إِذًا». مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.

لە باسی سەفیە -ڕەزاى خواى لێبێت- کاتێک تووشی سوڕی مانگانە بوو پاش تەوافى ئیفازە -طواف الإفاضة- پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پێی فەرموو: «کەواتە با بەڕێ بکەوێت» [متفق علیه].

وفەرمانى پێنەکرد بڕوات بۆ لای دەرگای مزگەوتی حەرام، ئەگەر ڕێگەپێدراو بووایە ڕوونی دەکردەوە. وسەبارەت بە تەوافى حەج وعومرە ؛ لەسەری لاناچێت، تەواف دەکات ئەگەر پاک بێتەوە.

حوکمی پێنجەم: مانەوە لە مزگەوت: حەرامە لەسەر ئافرەتی حەیزدار بمێنێتەوە لە مزگەوت تەنانەت لە شوێنی ئەنجامدانی نوێژی جەژنیش -موسەڵا- ؛ حەرامە لەسەری لەم شوێنانە بمێنێـتەوە.

لِحَدِيثِ أُمِّ عَطِيَّةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا: أَنَّهَا سَمِعَتِ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَقُولُ: «يَخْرُجُ الْعَوَاتِقُ وَذَوَاتُ الْخُدُورِ وَالْحُيَّضُ». وَفِيهِ: «يَعْتَزِلُ الْحُيَّضُ الْمُصَلَّى». مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.

بەهۆی فەرموودەى ئوم عەتیە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت : گوێم لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بوو کە دەیفەرموو: «کچە گەنجەکان وئەو کچانەش کە لە ماڵەوەن دەربچن -لەماڵ بۆ ئەنجامدانى نوێژی دوو جەژنەکە- بۆئەوەى ئامادەى خێر ونزای ئیمانداران بن وئەوانەی کە تووشی سووڕی مانگانە بوون لە شوێنی نوێژکردنی مسوڵمانان -موسەڵا- نزیک نەبنەوە» [متفق علیه].

حوکمی شەشەم: جووتبوون: حەرامە لەسەر مێردەکەى لەگەڵی جووت بێت، وحەرامە لەسەر ئافرەتەکە ڕێگە بدات مێردەکەى لەگەڵی جووت بێت؛ چونکە خواى گەورە دەفەرموێت:

﴿وَيَسۡـَٔلُونَكَ عَنِ ٱلۡمَحِيضِۖ قُلۡ هُوَ أَذٗى فَٱعۡتَزِلُواْ ٱلنِّسَآءَ فِي ٱلۡمَحِيضِ وَلَا تَقۡرَبُوهُنَّ حَتَّىٰ يَطۡهُرۡنَ...

واتە: ﴿(ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) پرسیارت لێده‌که‌ن ده‌رباره‌ی (عاده‌تی مانگانه‌ی ئافره‌ت) پێیان بڵێ: ئه‌وه ئازارو زه‌ره‌ره‌، که‌وابوو خۆتان به دوور بگرن له هاوسه‌ره‌کانتان که له‌و حاڵه‌ته‌دا بن و نزیکیان مه‌که‌ون تا پاک ده‌بنه‌وه‌﴾ [البقرة: 222]، ومەبەست لە (المحیض:سوڕی مانگانە) واتا ماوەى سوڕی مانگانە وشوێنی دەرچوونی خوێنی سوڕی مانگانە کە ئەمیش دامێنی ئافرەت دەگرێتەوە؛

وَلِقَوْلِ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: «اصْنَعُوا كُلَّ شَيْءٍ إِلَّا النِّكَاحَ». يَعْنِي: الْجِمَاعَ. رَوَاهُ مُسْلِمٌ

وهەروەها پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت: «هەموو شتێک بکەن جگە لە جووتبوون» [رواه مسلم]؛ وزانایانی مسوڵمانان یەکدەنگن لەسەر حەرامێتی جووتبوون لەگەڵ ئافرەتی حەیزدار لە دامێنیەوە،

بۆیە حەڵاڵ نیە بۆ کەسێک باوەڕی بە خوا وڕۆژی دوایی هەیە ئەم کارە خراپە بکات کە بەڵگە هەیە لەسەر حەرامبوونی لە قورئان وسونەت ویەکدەنگی زانایان، وئەگەر ئەم کارە بکات لەوانە دەبێت کە سەرپێچی فەرمانى خوا وپێغەمبەرەکەى کردووە، وشوێنی ڕێبازی غەیری ئیمانداران کەوتووە، نەوەوی لە (المجموع شرح المهذّب) ل374 ب2 دەڵێت: شافیعی -ڕەحمەتی خواى لێبێت- دەڵێت: «هەرکەسێک ئەم کارە بکات ئەوا تاوانێکی گەورەی کردووە»، زانایانمان دەڵێن: «هەرکەسێک پێی وابێت جووتبوون لەگەڵ ئافرەتی حەیزدار حەڵاڵە؛ حوکم بەکافربوونی دەدرێت».

وڕێگەپێدراوە والحمد لله بە کردنی ئەو شتانە لەگەڵ خێزانەکەى کە شەهوەتی دادەمرکێنێتەوە بەبێ جووتبوون وەکو ماچکردن وباوەشپیاکردن وبەرکەوتن بەبێ جووتبوون لە دامێنەوە، بەڵام باشتر وایە بەریەکەوتن نەبێت لەنێوان ناوک هەتاوەکو ئەژنۆی مەگەر لەپاش شتێکی داپۆشەرەوە نەبێت؛

لِقَوْلِ عَائِشَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا: «كَانَ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ يَأْمُرُنِي فَأَتَّزِرُ، فَيُبَاشِرُنِي وَأَنَا حَائِضٌ». مُتَّفَقٌ عَلَيْهِ.

چونکە عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت: «پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانی پێدەکردم ئیزار* بپۆشم، ودەهاتە لام لە کاتێکدا من لە سووڕی مانگانە بووم» [متفق علیه] ،

حوکمی حەوتەم: تەڵاقدان: حەرامە لەسەر پیاو خێزانەکەى تەڵاق بکات لەکاتێکدا حەیزدارە؛ چونکە خواى گەورە دەفەرموێت:

﴿يَاأَيُّهَا النَّبِيُّ إِذَا طَلَّقْتُمُ النِّسَاء فَطَلِّقُوهُنَّ لِعِدَّتِهِنَّ... واتە: ﴿ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر (صلی الله علیه وسلم) (به ئوممه‌تت ڕابگه‌یه‌نه‌) کاتێك ژنانتان ته‌ڵاق ده‌ده‌ن له‌كاتی دیاری کراویاندا ته‌ڵاقیان بده‌ن (که بریتیه له‌و کاته‌ی که ئافره‌ت له عاده‌ی مانگانه پاك بۆته‌وه‌)﴾ [الطلاق:1]، دەبێـت لە حاڵەتێکدا تەڵاق بدرێن کە پاک بن وچاوەڕوانى سوڕی مانگانەى داهاتوو بکەن، بەمانای ئەوەى ئەمیش کاتێک دەبێت تەڵاق بدڕێت لەکاتی سکپڕبوونی یان پاک بووبێتەوە بەبێ جووتبوون لەگەڵی لەم ماوەیە؛ چونکە ئەگەر تەڵاق بدرێت لەکاتی سوڕی مانگانە ئەمە ڕێگر دەبێت لەوەى ئامادە بێـت بۆ ماوەی چاوەڕوانی داهاتوو -عیدەى داهاتوو-، چونکە ئەو سوڕی مانگانەى کە تێیدا تەڵاقدرا حسێب ناکرێت، وئەگەر تەڵاق بدرێت بە پاکێتی لەپاش جووتبوون، ئەو ماوەى چاوەڕوانیەی -عیدەیەی- بەرەو پێشی دێت نەزانراوە چونکە نازانێت ئایا سکپڕ بووە بەهۆی جووتبوونەوە ، بۆئەوەى ماوەى چاوەڕوانیەکەى بەدانانى سکەکەى بێت، یان سکپڕ نەبووە بۆئەوەى ماوەى چاوەڕوانیەکەى بە سوڕی مانگانەیەکی تر بێت، وکاتێک دڵنیا نیە لەجۆری عیدەکەی ؛ تەڵاقدان حەرامە هەتاوەکو مەسەلەکە ڕوون دەبێتەوە.

تەڵاقدانى ئافرەتی حەیزدار لەکاتی سوڕی مانگانەى حەرامە بە بەڵگەى ئایەتەکەى پێشوو؛

وَلِمَا ثَبَتَ فِي الصَّحِيحَيْنِ وَغَيْرِهِمَا مِنْ حَدِيثِ ابْنِ عُمَرَ: «أَنَّهُ طَلَّقَ امْرَأَتَهُ وَهِيَ حَائِضٌ، فَأَخْبَرَ عُمَرُ بِذَلِكَ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، فَتَغَيَّظَ فِيهِ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، وَقَالَ: مُرْهُ فَلْيُرَاجِعْهَا، ثُمَّ لِيُمْسِكْهَا حَتَّى تَطْهُرَ، ثُمَّ تَحِيضَ، ثُمَّ تَطْهُرَ، ثُمَّ إِنْ شَاءَ أَمْسَكَ بَعْدُ، وَإِنْ شَاءَ طَلَّقَ قَبْلَ أَنْ يَمَسَّ، فَتِلْكَ الْعِدَّةُ الَّتِي أَمَرَ اللَّهُ أَنْ تُطَلَّقَ لَهَا النِّسَاءُ».

ولە هەردوو سەحیحدا هاتووە وهەروەها لە سەرچاوەى تریش کە : «ئیبن عومەر خێزانەکەى تەڵاق دا کاتێک حەیزدار بوو؛ عومەر ئەمەى بۆ پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسکرد ئەویش توڕە بوو وفەرمووی: «فەرمانى پێبکە با بیگەڕێنێتەوە ولای بمێنێتەوە هەتاوەکو پاک دەبێتەوە، پاشان حەیزدار دەبێت، وپاشان پاک دەبێتەوە، پاشان ئەگەر بیەوێـت دەیهێڵێتەوە، وئەگەر بیەوێت تەڵاقی دەدات بەبێ ئەوەى لێی نزیک بێتەوە -جووت بێت- ئەمە ئەو ماوەیە -عیدەیەیە- کە خواى گەورە فەرمانى کردووە تێیدا ئافرەت تەڵاق بدرێت». ئەگەر پیاو خێزانەکەى تەڵاق بدات لەکاتێکدا حەیزدارە ؛ تاوانبار دەبێت، ودەبێت تەوبە بکات وبگەڕێتەوە بۆ لای الله -سبحانه وتعالى-، ودەبێت ئافرەتەکە بگەڕێنێتەوە بۆئەوەى بەپێی شەریعەت تەڵاقی بدات بەو شێوەیەی خواى گەورە وپێغەمبەرەکەى فەرمانیان پێکردووە، پاش گەڕانەوەى دەیهێڵێتەوە هەتاوەکو پاک دەبێتەوە لەم سوڕی مانگانەیە کە تێیدا تەڵاقی دا، پاشان جارێکی تر تووشی سوڕی مانگانە دەبێت، پاشان کە پاک بوویەوە ئەگەر بیەوێت دەیهێڵێـتەوە وئەگەر بیەوێت تەڵاقی دەدات بەبێ جووتبون. وحەرامبوونی تەڵاقدان لە سوڕی مانگانە سێ حاڵەت ناگرێتەوە:

یەکەم: ئەگەر تەڵاقدانەکەى پێش ئەوە بێت بەتەنها لەگەڵی بمێنێـتەوە یان دەستی لێبدات، لەم حاڵەتەدا تەڵاقدانى ئاساییە ئەگەرچیش لە سوڕی مانگانەدا بێت؛ چونکە لەم حاڵەتەدا ماوەى چاوەڕوانى -عیدەى- نیە بۆیە تەڵاقدانى سەرپێچی نیە، چونکە خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...فَطَلِّقُوهُنَّ لِعِدَّتِهِنَّ... واتە: ﴿لە کاتی دیاری کراویاندا ته‌ڵاقیان بده‌ن (که بریتیه له‌و کاته‌ی که ئافره‌ت له عاده‌ی مانگانه پاك بۆته‌وه‌)﴾ [الطلاق: 1].

دووەم: ئەگەر سوڕی مانگانەکە لە حاڵەتی سکپڕیدا بوو، وپێشتر ئەمە باسکرا.

سێیەم: ئەگەر تەڵاقدانەکە بەرامبەر نرخێک -بڕە پارەیەک- بێت، لەم حاڵەتەدا ئاساییە ئەگەرچیش ئافرەتەکە حەیزدار بێت.

وەکو ئەوەى ناکۆکی هەبێت لەنێوان هەردوو هاوسەر بۆیە مێردەکە شتێک پارە یان سامانی لێوەردەگرێت، وڕێگەپێدراوە کە تەڵاقی بدات ئەگەرچیش حەیزدار بێت؛

لِحَدِيثِ ابْنِ عَبَّاسٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهُمَا: أَنَّ امْرَأَةَ ثَابِتِ بْنِ قَيْسِ بْنِ شَمَّاسٍ جَاءَتْ إِلَى النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ، فَقَالَتْ: يَا رَسُولَ اللَّهِ، إِنِّي مَا أَعْتِبُ عَلَيْهِ فِي خُلُقٍ وَلَا دِينٍ، وَلَكِنْ أَكْرَهُ الْكُفْرَ فِي الْإِسْلَامِ. فَقَالَ النَّبِيُّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: «أَتَرُدِّينَ عَلَيْهِ حَدِيقَتَهُ؟» قَالَتْ: نَعَمْ. فَقَالَ رَسُولُ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: «اقْبَلِ الْحَدِيقَةَ، وَطَلِّقْهَا تَطْلِيقَةً». [رَوَاهُ الْبُخَارِيُّ].

بەهۆی فەرموودەى ئیبن عەباسەوە -ڕەزاى خوایان لێبێت- کە دەڵێت: خێزانەکەى سابتی کوڕی قەیس کوڕی شماس هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا هیچ ڕەخنەیەکم لێی نیە لە ڕەوشت ودینی، بەڵام حەز ناکەم ناسوپاسگوزار بم -کوفر بکەم- لە ئیسلامدا. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «باخەکەى بۆ دەگێڕیتەوە؟»، ووتی: بەڵێ، پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «-وەرگرتنەوەى- باخەکە قبوڵ بکە ویەک جار تەڵاقی بدە» [رواه البخاري] وپێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری لێنەکرد ئایا حەیزدارە یان پاکە؟ چونکە ئافرەتەکە خۆی لەم تەڵاقدانە فیدیە دەدات بۆیە ڕێگەپێدراوە لەکاتی پێویستی ئەگەر لەسەر هەر حاڵەتێک بێت.

دانەری (المغنـي) سەبارەت بەم جیابوونەوەیە (خولع) لەکاتی سوڕی مانگانە لە (ل52 ب7)دا دەڵێت: «چونکە ڕێگر لە تەڵاقدان لەکاتی سوڕی مانگانە لەترسی زیانێکە لەوەیە تووشی ببێت لە درێژی ماوەی چاوەڕوانیەکەى، وداواکردنی جیابوونەوە -خولع- (لەلایەن ئافرەتەکەوە) بۆ لابردنی ئەو زیانەیە کە لەوەیە تووشی ببێت بەهۆی خراپی مامەڵە ومانەوە لەگەڵ کەسێک کە حەزی پێناکات وڕقی لێیەتی، وئەمە گەورەترە لە زیانی زۆری ماوەى چاوەڕوانی -عیدە-، بۆیە تەڵاقدان ڕێگەپێدراوە بۆ لابردنی گەورەترین زیان بە کەمترینی؛ بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پرسیاری لێنەکرد سەبارەت بە حاڵەتەکەى».

وسەبارەت بە داواکردنی مارەیی لە ئافرەتی حەیزدار ؛ ئاساییە چونکە بنچینە حەڵاڵ بوونە، وهیچ بەڵگەیە نیە لەسەر ڕێگرتن لێی، بەڵام چوونی هاوسەرەکەى بۆ لای لەکاتێکدا حەیزدارە ؛ دەبێـت باش لێی بکۆڵدرێتەوە ئەگەر دڵنیا بێت لەوەى جووت نابێت لەگەڵی ئەوا ئاساییە، ئەگەر نا نابێـت بەتەنها لەگەڵی بمێنێتەوە هەتاوەکو پاک دەبێتەوە بۆئەوەى تووشی حەرامکراو نەبێت.

حوکمی هەشتەم: ئەو حوکمانەى پەیوەستن بەژماردنی ماوەى چاوەڕوانى -عیدە- بەستراوەتەوە بە سوڕی مانگانە: ئەگەر پیاو خێزانەکەى تەڵاق دا پاش ئەوەى لەگەڵی جووت بوو یان بەتەنها لەگەڵی مایەوە ؛ ئەوا واجبە ماوەی چاوەڕوانى سێ سوڕی مانگانەی -حەیزی- تەواو بێت، ئەگەر لەوانە بێت کە تووشی سوڕی مانگانە دەبێت، وسکپڕ نەبێت؛ چونکە خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿وَٱلۡمُطَلَّقَٰتُ يَتَرَبَّصۡنَ بِأَنفُسِهِنَّ ثَلَٰثَةَ قُرُوٓءٖ... واتە: ﴿ژنانی ته‌ڵاقدراو، ده‌بێت تا سێ جار عاده‌تی مانگانه چاوه‌ڕێ بکه‌ن و (شوونه‌که‌نه‌وه‌)﴾ [البقرة:228]، واتا : سێ سوڕی مانگانە -عادە:حەیز-، ئەگەر سکپڕ بوو ئەوا ماوەى چاوەڕوانیەکەى بریتیە لە دانانى سکەکەى، ئەگەر ماوەکە کورت یان درێژ بێت؛ چونکە خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...وَأُوْلَاتُ الأَحْمَالِ أَجَلُهُنَّ أَن يَضَعْنَ حَمْلَهُنَّ... واتە: ﴿ئه‌و ئافره‌تانه‌ش که سکیان هه‌یه ماوه‌که‌یان ئه‌وه‌نده‌یه تا سکه‌که‌یان داده‌نێن﴾ [الطلاق:4]، وئەگەر لەوانە نەبێت کە تووشی سوڕی مانگانە دەبێت وەکو ئەوەى تەمەنی بچووک بێت کە هێشتا تووشی سوڕی مانگانە نەبووە یان بەتەمەنە وچیتر تووشی سوڕی مانگانە نابێت یان بەهۆی نەشتەرگەریەوە منداڵدانى دەرهێنراوە یان هۆکاری تر کە دەبنە هۆی ئەوەى چیتر تووشی سوڕی مانگانە نەبێت، ئەوا لەم حاڵەتانەدا ماوەی چاوەڕوانى سێ مانگ دەبێت؛ چونکە خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿وَاللَّائِي يَئِسْنَ مِنَ الْمَحِيضِ مِن نِّسَائِكُمْ إِنِ ارْتَبْتُمْ فَعِدَّتُهُنَّ ثَلَاثَةُ أَشْهُرٍ وَاللَّائِي لَمْ يَحِضْنَ... واتە: ﴿ئه‌و ئافره‌تانه‌ی که نائومێد بوون له عاده‌تی مانگانه له هاوسه‌ره‌کانتان، ئه‌وه سێ مانگ چاوه‌ڕێ بکه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌ش که به‌هۆی که‌م ته‌مه‌نیەوه هێشتا نه‌که‌وتونه‌ته عاده‌وه‌، ئه‌وانیش سێ مانگ چاوه‌ڕێ بکه‌ن﴾ [الطلاق:4]، وئەگەر لەوانە بێت کە تووشی سوڕی مانگانە دەبێت بەڵام حەیزەکەى نەما بەهۆی هۆکارێکی زانراو وەکو نەخۆشی یان شیرپێدان ئەوا لە ماوەى چاوەڕوانی -عیدە- دەمێنێتەوە ئەگەرچیش درێژە بکێشێت هەتاوەکو سوڕی مانگانەکەى دەگەڕێتەوە باری ئاسایی و بەم پێیە ماوەى چاوەڕوانیەکەى حسێب دەکات، ئەگەر هۆکارەکە نەما وەکو ئەوەی لە نەخۆشیەکە چاک بێتەوە یان چیتر شیر نەدات وسوڕی مانگانەکەى نەگەڕایەوە بۆ باری ئاسایی ئەوا لەم حاڵەتەدا دەبێت ماوەى چاوەڕوانیەکەى ساڵێکی کامڵ بێت لەو کاتەوەى هۆکارەکە نەماوە، وئەمە ڕای دروستە، و بەپێی بنچینەکانى شەریعەتە، ئەگەر هۆکارەکە نەما وسوڕی مانگانە نەگەڕایەوە باری ئاسایی وەکو ئەو کەسەی کە لەبەر هۆکارێکی نەزانراو سوڕی مانگانەى بوەستێـت، ئەگەر بەم شێوەیە بوو ئەوا ماوەی چاوەڕوانیەکەى یەک ساڵی کامڵ دەبێت ؛ نۆ مانگ بۆ داپۆشینی ماوەى ئەگەری سکپڕبوون، وسێ مانگ بۆ ماوەی چاوەڕوانیەکەى -عیدەکەى-.

بەڵام ئەگەر تەڵاقدانەکە لەپاش گرێبەستی هاوسەرگیری بێت و لەپێش بەریەککەوتن و بەتەنها بوون بێت لەگەڵ ئافرەتەکە، ئەمە هیچ ماوەیەکی چاوەڕوانی تێدا نیە، نە بە سوڕی مانگانە و نە بە هیچ شتێکی تر ؛ چونکە خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿يَاأَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا إِذَا نَكَحْتُمُ الْمُؤْمِنَاتِ ثُمَّ طَلَّقْتُمُوهُنَّ مِن قَبْلِ أَن تَمَسُّوهُنَّ فَمَا لَكُمْ عَلَيْهِنَّ مِنْ عِدَّةٍ تَعْتَدُّونَهَا... واتە: ﴿ئه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه ئه‌گه‌رئافره‌تانی ئیماندارانتان ماره‌کرد، له‌وه‌ودوا جیابوونه‌وه‌و تەڵاقدران پێش ئه‌وه‌ی بچنه لایان، ئه‌وه هیچ (عـــدة)و ماوه‌یه‌کیان ناوێ تا حیسابی بۆ بکه‌ن و (ماوه‌ی چاوه‌ڕوانی ناوێ بۆ ئه‌وه‌ی شوو بکات به یه‌کێکی تر)﴾ [الأحزاب:49].

حوکمی نۆیەم: حوکمدان سەبارەت بەدڵنیایی لە سکپڕ نەبوون، واتا: ئافرەتەکە سکپڕ نیە، وئەمە پێویستە هەرکاتێک پێویست بوو بسەلمێنرێت کە ئافرەتەکە سکپڕ نییە، وئەمە چەند مەسەلەیەک دەگرێتەوە:

لەوانەش: ئەگەر کەسێک بمرێت وخێزانەکەى لەپاشی جێهێشتبێـت منداڵەکەى سکی دەبێتە میراتگر، لەکاتێکدا ئافرەتەکە شووی بەپیاوێکی تر کردبێت، ئەوا نابێت پیاوەکە نزیکی بێتەوە هەتاوەکو تووشی سوڕی مانگانە دەبێت، یان یەکلا دەبێتەوە کە سکپڕە، ئەگەر ڕوون بوویەوە کە سکپڕە ئەوا حوکمی بۆ دەدرێت بەوەى میراتگرە چونکە حوکممان داوە بەوەى بوونی هەبووە لەکاتێک کە خاوەن میراتەکە مردووە، وئەگەر ئافرەتەکە تووشی سوڕی مانگانە بوو و سکپڕ نەبوو ئەوا حوکم دەدرێت لەسەر ئەوەى منداڵدانی هیچی تێدا نیە بۆیە منداڵی نیە ومیرات وەرگرتنیش بوونی نیە لێرەدا.

حوکمی دەیەم: واجبێتی خۆشۆردن -غوسڵ کردن- : واجبە لەسەر ئافرەتی حەیزدار ئەگەر پاک بوویەوە ؛ هەموو لاشەی بشوات؛

لِقَوْلِ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لِفَاطِمَةَ بِنْتِ أَبِي حُبَيْشٍ: «فَإِذَا أَقْبَلَتِ الْحَيْضَةُ فَدَعِي الصَّلَاةَ، وَإِذَا أَدْبَرَتْ فَاغْتَسِلِي وَصَلِّي» [رَوَاهُ الْبُخَارِيُّ].

چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە فاتیمەى کچی ئەبی حوبەیشی ووت: «ئەگەر سوڕی مانگانە تووشت بوو واز لە نوێژکردن بهێنە، وئەگەر نەما خۆت بشۆ و نوێژ بکە» [رواه البخاريّ].

وکەمترین واجب لە خۆشۆردندا بریتیە لەوەى ئاو هەموو لاشەی بگرێتەوە تەنانەت ژێر موویش، وباشتر وایە لەسەر ئەو سیفەتە بێت کە لە فەرموودەدا هاتووە:

«عَنِ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ حَيْثُ سَأَلَتْهُ أَسْمَاءُ بِنْتُ شَكَلٍ عَنْ غُسْلِ الْمَحِيضِ، فَقَالَ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: «تَأْخُذُ إِحْدَاكُنَّ مَاءَهَا وَسِدْرَتَهَا فَتَطَهَّرُ فَتُحْسِنُ الطُّهُورَ، ثُمَّ تَصُبُّ عَلَى رَأْسِهَا فَتَدْلُكُهُ دَلْكًا شَدِيدًا، حَتَّى تَبْلُغَ شُؤُونَ رَأْسِهَا، ثُمَّ تَصُبُّ عَلَيْهَا الْمَاءَ، ثُمَّ تَأْخُذُ فُرْصَةً مُمَسَّكَةً - أَيْ: قِطْعَةَ قُمَاشٍ فِيهَا مِسْكٌ - فَتَطَهَّرُ بِهَا»، فَقَالَتْ أَسْمَاءُ: كَيْفَ تَطَهَّرُ بِهَا؟ فَقَالَ: «سُبْحَانَ اللَّهِ!»، فَقَالَتْ عَائِشَةُ لَهَا: تَتَبَّعِينَ أَثَرَ الدَّمِ». [رَوَاهُ مُسْلِمٌ].

«ئەسمائی کچی شەکەل پرسیاری لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کرد سەبارەت بە خۆشۆردن لەسوڕی مانگانە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «ئافرەتەکە -کە لە سوڕی مانگانە پاک بووەتەوە- ئاو -تێکەڵ- بە سيدر دەکات و بەچاکی خۆی پێ دەشوات، پاشان ئاو دەکاتە سەر سەری و بەچاکی وتوندی پەنجەکان دەهێنێـتە نێو قژی، هەتاوەکو ئاو دەگاتە بنی قژی، پاشان ئاو دەکاتە سەر سەری، پاشان پارچە قوماشێک دەبات کە میسکی لەسەرە -ودامێنی- پێ پاک دەکاتەوە»، ئەسما دەڵێت: چۆن پاکی دەکاتەوە؟ فەرمووی: «سبحان الله!»، عائیشە پێی ووت: «شوێنی دەرچوونی خوێنەکە پاک دەکاتەوە». [رواه مسلم].

وکردنەوەى پەلکی قژ واجب نیە مەگەر زۆر توند بەستبێتی، بەشێوەیەک بترسێ لەوەى ئاو نەگات بە ڕەگی قژی؛

لِمَا فِي صَحِيحِ مُسْلِمٍ مِنْ حَدِيثِ أُمِّ سَلَمَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا أَنَّهَا سَأَلَتِ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَالَتْ: إِنِّي امْرَأَةٌ أَشُدُّ شَعْرَ رَأْسِي، أَفَأَنْقُضُهُ لِغُسْلِ الْجَنَابَةِ؟ وَفِي رِوَايَةٍ: لِلْحَيْضَةِ وَالْجَنَابَةِ؟ فَقَالَ: «لَا، إِنَّمَا يَكْفِيكِ أَنْ تَحْثِيَ عَلَى رَأْسِكِ ثَلَاثَ حَثَيَاتٍ، ثُمَّ تُفِيضِينَ عَلَيْكِ الْمَاءَ فَتَطْهُرِينَ».

چونکە لە سەحیحی [مسلم]دا هاتووە لە ئوم سەلەمەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- کە پرسیاری لە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- کرد ووتی: من ئافرەتێکم توند قژم دەبەستمەوە ، ئایا هەڵیبوەشێنمەوە بۆ خۆشۆردن لە لەشگرانی؟ ولە گێڕانەوەیەکدا: -بۆ خۆشۆردن- لە سوڕی مانگانە ولە لەشگرانی؟ ئەویش فەرمووی: «نەخێر، تەنها بەسە کە سێ مشت ئاو بکەیت بەسەر سەرتدا پاشان ئاو بهێنیت بەسەر هەموو لاشەتدا وپاک دەبیتەوە».

وئەگەر ئافرەتی حەیزدار پاک بوویەوە لەکاتی نوێژ ئەوا واجبە لەسەری دەستبەجێ خۆی بشوات بۆئەوەى بگات بەکاتی ئەنجامدانى نوێژ لەکاتی خۆی، ئەگەر لە سەفەر بوو وئاو نەبوو یان هێندە ئاوی پێبوو ترسا لەبەکارهێنانى بۆ خۆشۆردن تووشی زیان بێت، یان نەخۆش بوو وئاو گەیشتن بەلاشەى زیانی لێبدات ئەوا لەم حاڵەتانەدا تەیەموم دەکات لەجیاتی خۆشۆردن هەتاوەکو ڕێگرەکە نامێنێت پاشان خۆی دەشوات.

وهەندێک ئافرەت لەکاتی نوێژ پاک دەبێـتەوە، وخۆشۆردنی دوا دەخات بۆ کاتێکی تر ودەڵێت: ناتوانێـت بە تەواوی خۆی بشوات لەم کاتەدا، بەڵام ئەمە بیانوو وبەڵگە نیە؛ چونکە دەتوانێت کەمترین شت کە واجبە جێبەجێی بکات لە خۆشۆرندا ونوێژەکەى بکات لەکاتی خۆیدا، پاشان لەکاتێکی تر دەتوانێت بە تەواوى خۆی بشوات.

بەشی پێنجەم: ئیستیحازە وحوکمەکانى

ئیستیحازە: بریتیە لە بەردەوام هاتنی خوێن لە ئافرەت بەشێوەیەک هەرگیز ناپچڕێت یان ماوەیەکی کەم دەپچڕێت وەکو ڕۆژێک یان دووان لە مانگدا.

بەڵگە لەسەر حاڵەتی یەکەم : کە خوێنەکە هەرگیز ناپچڕێت ئەوەیە کە لە سەحیحی بوخاریدا هاتووە لە عائیشەوە -ڕەزاى خواى لێبێت- دەڵێت:

«قَالَتْ فَاطِمَةُ بِنْتُ أَبِي حُبَيْشٍ لِرَسُولِ اللَّهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: يَا رَسُولَ اللَّهِ، إِنِّي لَا أَطْهُرُ». وَفِي رِوَايَةٍ: «أُسْتَحَاضُ فَلَا أَطْهُرُ».

«فاتیمەى کچی ئەبی حوبەیش بە پێغەمبەری خودا -صلى اللە علیە وسلم-ی ووت: ئەی پێغەمبەری خودا من پاک نابمەوە. ولە گێڕانەوەیەکدا: تووشی ئیستیحازە دەبم وپاک نابمەوە».

وبەڵگە لەسەر حاڵەتی دووەم : کە خوێنەکە بۆ ماوەیەکی کەم دەپچڕێت ، فەرموودەى حەمنە کچی جەحش کە هات بۆ لای پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ووتی:

«يَا رَسُولَ اللَّهِ، إِنِّي أُسْتَحَاضُ حَيْضَةً كَثِيرَةً شَدِيدَةً». [الْحَدِيثُ.. رَوَاهُ أَحْمَدُ وَأَبُو دَاوُدَ وَالتِّرْمِذِيُّ وَصَحَّحَهُ، وَنُقِلَ عَنِ الْإِمَامِ أَحْمَدَ تَصْحِيحُهُ، وَعَنِ الْبُخَارِيِّ تَحْسِينُهُ].

«ئەی پێغەمبەری خودا من تووشی -خوێنی- ئیستیحازەى زۆر وتوند دەبم» [هەتا کۆتایی فەرموودەکە.. رواه أحمد وأبو داود والترمذيّ وصحّحه، ونقل عن الإمام أحمد تصحيحه، وعن البخاريّ تحسينه]

حاڵەتەکانى ئیستیحازە:

ئیستیحازە سێ حاڵەتی هەیە:

حاڵەتی یەکەم: سوڕی مانگانەى زانراو دياریکراوی هەبێـت لەپێش تووشبون بە ئیستیحازە، لەم حاڵەتەدا دەگەڕێتەوە بۆ سەر ماوەى سوڕی مانگانە زانراوەکەی پێشوو، بۆیە دادەنیشێت لەو ماوەیەدا وحوکمەکانى حەیزی بەسەردا جێبەجێ دەبێت، وجگە لەو رۆژانە بە ئیستیحازە دادەنرێت، وحوکمەکانى ئیستیحازەى بەسەردا جێبەجێ دەبێت.

نمونە لەسەر ئەمە ئافرەتێک تووشی سوڕی مانگانە دەبوو شەش ڕۆژ لەسەرەتای هەموو مانگێکدا، پاشان تووشی ئیستیحازە بوو وخوێنەکەى بەردەوام بوو، لەم حاڵەتەدا سوڕی مانگانەکەى شەش ڕۆژ دەبێت لەسەرەتای هەموو مانگێک، وجگە لەم رۆژانە بە ئیستیحازە دادەنرێت؛

لِحَدِيثِ عَائِشَةَ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا أَنَّ فَاطِمَةَ بِنْتَ أَبِي حُبَيْشٍ قَالَتْ: يَا رَسُولَ اللَّهِ، إِنِّي أُسْتَحَاضُ فَلَا أَطْهُرُ، أَفَأَدَعُ الصَّلَاةَ؟ قَالَ: «لَا، إِنَّ ذَلِكِ عِرْقٌ، وَلَكِنْ دَعِي الصَّلَاةَ قَدْرَ الْأَيَّامِ الَّتِي كُنْتِ تَحِيضِينَ فِيهَا، ثُمَّ اغْتَسِلِي وَصَلِّي». رَوَاهُ الْبُخَارِيُّ.

بەهۆی فەرموودەى عائیشە -ڕەزاى خواى لێبێت- کە دەڵێت: «فاتیمەى کچی ئەبی حوبەیش ووتی: ئەی پێغەمبەری خودا، من تووشی ئیستیحازە دەبم وپاک نابمەوە، ئایا واز لە نوێژکردن بهێنم؟ فەرمووی: «نەخێر، -ئەوە خوێنێکە- لە دەمارەوە دەردەچێت، بەڵام واز لەنوێژکردن بهێنە هێندەى ئەو ماوەیەی تووشی سوڕی مانگانە دەبوویت پاشان خۆت بشۆ ونوێژ بکە» [رواه البخاري]،

وَفِي صَحِيحِ مُسْلِمٍ: أَنَّ النَّبِيَّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ لِأُمِّ حَبِيبَةَ بِنْتِ جَحْشٍ: «امْكُثِي قَدْرَ مَا كَانَتْ تَحْبِسُكِ حَيْضَتُكِ، ثُمَّ اغْتَسِلِي وَصَلِّي».

و لەسەحیحی موسليمدا هاتووە: پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە ئوم حەبیبە کچی جەحشی فەرموو: «بۆ ماوەیەک بمێنەوە هێندەى ڕێگر دەبوو لێت لەسوڕی مانگانەکەت پاشان خۆت بشۆ ونوێژ بکە». بۆیە ئافرەتی ئیستیحازەدار دادەنیشێت بەپێی رۆژەکانى سوڕی مانگانەى زانراو، پاشان خۆی دەشوات ونوێژ دەکات وگوێ نادات بەو خوێنەى دێت.

حاڵەتی دووەم: سوڕي مانگانەى دیاریکراوى نەبێت پێش ئیستیحازە، ئەمیش بەهۆی ئەوەى تووشی ئیستیحازە بووە لەو ساتەوەى یەکەم جار خوێنی حەیزی بینیوە، پێویستە لەم حاڵەتەدا كار جیاکاری بکرێـت لە نێوان خوێنی حەیز وخوێنی ئیستیحازە؛ خوێنی سوڕی مانگانە ڕەش وچڕە وبۆنی هەیە ئەگەر وابوو ئەوا حوکمەکانى سوڕی مانگانە دەیگرێتەوە، وجگە لەم حاڵەتانە ئەوا حوکمەکانى خوێنی ئیستیحازەی بەسەردا دەدرێت.

نمونە لەسەر ئەمە ئافرەتێک یەکەم جارە خوێنی حەیز ببینێت، وبەردەوام لەگەڵی بێت، بەڵام دەبینێت دە ڕۆژ ڕەشە وڕۆژەکانى تر سوورە، یان دەبینێت دە ڕۆژ چڕە وڕۆژەکانى تر تەنکە، یان دەبینێت دە ڕۆژ بۆنی هەیە وڕۆژەکانى تر بۆنی نیە، سوڕی مانگانەکەى خوێنە ڕەشەکەیە لە نمونەى یەکەم وخوێنە چڕەکەیە لە نمونەى دووەم وخوێنە بۆناوییەکە لە نمونەى سێیەم، وجگە لەمانە بە خوێنی ئیستیحازە دادەنرێت؛

لِقَوْلِ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لِفَاطِمَةَ بِنْتِ أَبِي حُبَيْشٍ: «إِذَا كَانَ دَمُ الْحَيْضَةِ فَإِنَّهُ أَسْوَدُ يُعْرَفُ، فَإِذَا كَانَ ذَلِكِ فَأَمْسِكِي عَنِ الصَّلَاةِ، فَإِذَا كَانَ الْآخَرُ فَتَوَضَّئِي وَصَلِّي؛ فَإِنَّمَا هُوَ عِرْقٌ». [رَوَاهُ أَبُو دَاوُدَ وَالنَّسَائِيُّ، وَصَحَّحَهُ ابْنُ حِبَّانَ وَالْحَاكِمُ].

چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە فاتیمەى کچی ئەبی حوبەیش ووت: «ئەگەر خوێنی سوڕی مانگانە -حەیز- بێت ئەوا خوێنەکەى ڕەشە ودەناسرێتەوە، ئەگەر ئەوە بوو نوێژ مەکە وئەگەر ئەوەکەى تر بوو -خوێنە سوورەکە بوو- ئەوا دەستنوێژ بگرە ونوێژ بکە؛ -ئەوە خوێنێکە- لە دەمارەوە دەردەچێـت» [رواه أبو داود والنسائيّ، وصحّحه ابن حبان والحاكم]. ئەم فەرموودەیە ئەگەرچیش قسە هەبێت لەسەر سەنەدەکەى ومەتنەکەى ؛ زانایان کردەوەیان پێکردووە -ڕەحمەتی خوایان لێبێت-، وا پێشنیارکراوە ئەمە باشترە لەوەى ئافرەت بگەڕێتەوە بۆ خووی گشتی ئافرەتان.

حاڵەتی سێیەم: ئەوەیە سوڕی مانگانەى دیاریکراو وجیاکاریەکی باشی نەبێت ئەمیش بەوەى ئیستیحازەکە بەردەوام بێت لەو کاتەوەى سەرەتا خوێنی بینیوە وخوێنەکەى لەسەر یەک سیفەت بێت یان سیفەتی ناڕوون وتێکەڵ بێت وناکرێت سوڕی مانگانە بێت، لەم حاڵەتەدا ئافرەتەکە بەپێی خووی ئافرەتان کردەوە دەکات بۆیە ماوەى حەیزەکەى شەش یان حەوت ڕۆژ دەبێت، لەسەرەتای هەموو مانگێکەوە دەستی پێدەکات هەر لەو کاتەوەى خوێنی بینیوە، وڕۆژەکانى تر بە ئیستیحازە دادەنرێن.

نمونە لەسەر ئەمە ئەوەیە کاتێک ئافرەت یەکەم جار خوێن دەبینێت لە رۆژی پێنجەمی سەرەتای مانگ وبەردەوام دەبێت بەم شێوەیە بەبێ ئەوەى جیاکاریەکی چاک هەبێت بۆ ناسینەوەى سوڕی مانگانە بە ڕەنگ وشتی تر بۆیە لەم حاڵەتەدا ماوەى حەیزەکەى لە هەموو مانگێک شەش یان حەوت ڕۆژ دەبێت لەڕۆژی پێنجەمی مانگەوە دەستی پێدەکات لەهەموو مانگێک؛

لِحَدِيثِ حَمْنَةَ بِنْتِ جَحْشٍ رَضِيَ اللَّهُ عَنْهَا أَنَّهَا قَالَتْ: يَا رَسُولَ اللَّهِ، إِنِّي أُسْتَحَاضُ حَيْضَةً كَبِيرَةً شَدِيدَةً، فَمَا تَرَى فِيهَا؟ قَدْ مَنَعَتْنِي الصَّلَاةَ وَالصِّيَامَ، فَقَالَ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ: «أَنْعَتُ لَكِ (أَصِفُ لَكِ اسْتِعْمَالَ) الْكُرْسُفَ (وَهُوَ الْقُطْنُ)، تَضَعِينَهُ عَلَى الْفَرْجِ، فَإِنَّهُ يُذْهِبُ الدَّمَ»، قَالَتْ: هُوَ أَكْثَرُ مِنْ ذَلِكَ. وَفِيهِ قَالَ: «إِنَّمَا هَذِهِ رَكْضَةٌ مِنْ رَكْضَاتِ الشَّيْطَانِ، فَتَحَيَّضِي سِتَّةَ أَيَّامٍ أَوْ سَبْعَةً فِي عِلْمِ اللَّهِ تَعَالَى، ثُمَّ اغْتَسِلِي حَتَّى إِذَا رَأَيْتِ أَنَّكِ قَدْ طَهُرْتِ وَاسْتَنْقَأْتِ، فَصَلِّي أَرْبَعًا وَعِشْرِينَ أَوْ ثَلَاثًا وَعِشْرِينَ لَيْلَةً وَأَيَّامَهَا، وَصُومِي». الْحَدِيثُ. [رَوَاهُ أَحْمَدُ وَأَبُو دَاوُدَ وَالتِّرْمِذِيُّ وَصَحَّحَهُ، وَنُقِلَ عَنْ أَحْمَدَ أَنَّهُ صَحَّحَهُ، وَعَنِ الْبُخَارِيِّ أَنَّهُ حَسَّنَهُ].

بەهۆی فەرموودەى حەمنەى کچی جەحشەوە -ڕەزای خوای لێبێت- کە دەڵێت: ووتم: ئەی پێغەمبەری خودا بە زۆری -بەتوندی- وبۆ ماوەیەکی درێژ تووشی سوڕی مانگانە دەبم، چی دەڵێی سەبارەت بە ئەمە؟ قەدەغەى لێکردووم لەوەى نوێژ بکەم وڕۆژوو بگرم، فەرمووی: «پێشنیار دەکەم لۆکە بەکاربهێنیت لەسەر دامێنت دایدەنێیت، و خوێنەکە لادەبات»، ووتی: لە ئەوە زیاترە، پێی فەرموو: «ئەمە ئازارێکە لە شەیتانەوە، تووشی سوڕی مانگانە دەبیت شەش یان حەوت ڕۆژ بە پێی زانستی خواى گەورە، پاشان خۆت بشۆ -غوسڵ دەربکە- هەتاوەکو ئەگەر بینیت پاک وخاوێنیت، بیست وسێ یان بیست چوار ڕۆژ نوێژ بکە وڕۆژوو بگرە (ڕۆژووی سونەت ئەگەر ویستی)» [هەتا کۆتایی فەرموودەکە، رواه أحمد وأبو داود والترمذيّ وصحّحه، ونقل عن أحمد أنّه صحّحه، وعن البخاريّ أنّه حسّنه].

وکاتێک -صلى اللە علیە وسلم- فەرمووی: «شەش یان حەوت ڕۆژ»، ئەمە بۆ بژاردە پێدان نیە، بەڵکو بەپێی ئیجتیهادە، بۆیە چاوەڕی دەکات کامیان نزیکترە لە حاڵیەوە لەو ئافرەتانەى وەکو ئەون لە لاشە وتەمەن وپەیوەندی خزمایەتیەوە، وکام خوێن نزیکترە لە خوێنی حەیز، وهەروەها هاوشێوەی ئەم لێکدانەوە وئەگەرانە، بۆیە ئەگەر نزیکتر شەش بوو ئەوا شەش ڕۆژ لە سوڕی مانگانە دەبێت، وئەگەر نزیکتر حەوت بێت ئەوا حەوت ڕۆژ لە حەیز دەبێت.

ئەو حاڵەتانەى لە ئیستیحازە دەچن:

لەوەیە ئافرەت تووشی شتێک بێت ببێتە هۆی ئەوەى تووشی بەربوونی خوێن -نەزیف- بێت لە دامێنیەوە وەکو نەشتەرگەری لە منداڵدان یان هتد، وئەمیش دوو جۆرە:

جۆری یەکەم: بزانێت کە مەحاڵە لەپاش نەشتەرگەریەکە تووشی سوڕی مانگانە بێت وەکو ئەوەى نەشتەرگەریەکە ببێتە هۆی دەرهێنانى منداڵدان بە کامڵی یان داخستنی بەشێوەیەک خوێنی لێوە نەیەتە خوارەوە، ئەم ئافرەتە حوکمەکانى ئیستیحازەى بەسەردا جێبەجێ نابێت، بەڵکو حوکمی وەکو ئەو ئافرەتەیە کە لێڵاو وزەرداو وتەڕی -شێ- دەبینێت لەپاش پاکبوونەوە، بۆیە واز لە نوێژکردن وڕۆژووگرتن ناهێنێت ونابێتە هۆی ڕێگر لە جووتبون لەگەڵی وخۆشۆردن لەم خوێنە واجب نیە، بەڵام کاتێک ویستی نوێژ بکات دەبێت خوێنەکە بشوات پێش ئەنجامدانى نوێژەکە، وشتێک ببەستێت بەسەر دامێنیەوە وەکو پارچە پەڕۆیەک یان شتێکی تر بۆئەوەى ڕێگر بێت لە دەرچوونی خوێن، پاشان دەستنوێژ دەگرێت بۆ نوێژکردن وتەنها لەکاتی هاتنی نوێژەکە دەستنوێژ دەگرێت، ئەگەر نوێژەکە کاتی هەبوو وەکو پێنج نوێژە فەرزەکە، ئەگەر نا بۆ نوێژە سونەتەکان هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت دەستنوێژ بگرێت ونوێژ بکات.

جۆری دووەم: ئەگەر نەزانێت ئایا خوێنی سوڕی مانگانەکەى دەوەستێت لەپاش نەشتەرگەریەکە یا نا، لێرەدا حوکمی ئافرەتی ئیستیحازەداری هەیە، ئاماژە بۆ ئەم حاڵەتە فەرموودەکەیە کە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە فاتیمەى کچی ئەبی حوبەیشی ووت:

»إِنَّمَا ذَلِكِ عِرْقٌ وَلَيْسَ بِالْحَيْضَةِ، فَإِذَا أَقْبَلَتِ الْحَيْضَةُ فَاتْرُكِي الصَّلَاةَ

«ئەوە -خوێنبەربوونی- دەمارە وحەیز نیە، ئەگەر تووشی سوڕی مانگانە بوویت ؛ نوێژ مەکە». کاتێک دەفەرموێت: «ئەگەر تووشی سوڕی مانگانە بوویت»، واتە ئەم حوکمە بۆ ئەو ئافرەتانەیە کە تووشی سوڕی مانگانە دەبن وسەرەتا وکۆتایی هەیە ماوەکەى، بەڵام ئافرەتێک سوڕی مانگانەى نەبێت ئەوا خوێنەکەى خوێنی دەمارە لە هەموو حاڵەتێکدا.

حوکمەکانى ئیستیحازە:

جیاوازیمان زانی لەنێوان خوێنی سوڕی مانگانە وخوێنی ئیستیحازە، هەرکاتێک خوێنی سوڕی مانگانە بێت ئەوا حوکمەکانى سوڕی مانگانەى بەسەردا جێبەجێ دەبێت، وهەرکاتێک خوێنی ئیستیحازە بێت ئەوا حوکمەکانى ئیستیحازەى بەسەردا جێبەجێ دەبێت.

وپێشتر گرنگترین بنچینە وحوکمەکان ڕوونکرایەوە لە حوکمەکانى سوڕی مانگانە.

وسەبارەت بە حوکمەکانى ئیستیحازە ؛ حوکمەکانى وەکو حوکمی پاکبوونەوە وایە، وجیاوازی نیە لە نێوان ئافرەتی ئیسیتیحازەدار وئافرەتی پاک جگە لەم خاڵانە نەبێت:

یەکەم: واجبێتی دەستنوێژگرتن بۆ هەموو نوێژێک.

لِقَوْلِ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لِفَاطِمَةَ بِنْتِ أَبِي حُبَيْشٍ: «ثُمَّ تَوَضَّئِي لِكُلِّ صَلَاةٍ». رَوَاهُ الْبُخَارِيُّ فِي بَابِ غَسْلِ الدَّمِ.

چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە فاتیمەى کچی ئەبی حوبەیشی فەرموو: «پاشان دەستنوێژ بگرە بۆ هەموو نوێژێک». [ رواه البخاريّ : باب غسل الدم] ماناى ئەوەیە دەستنوێژ ناگرێت بۆ ئەو نوێژانەى بە کاتەوە بەستراوەتەوە مەگەر لەپاش هاتنی کاتی نوێژەکە نەبێت. بەڵام ئەگەر نوێژەکە ماوەیەکی دیاریکراوی نەبێت وەکو نوێژە سونەتەکان ئەوا هەرکاتێک بیەوێت نوێژ بکات لەپێشی دەستنوێژ دەگرێت.

دووەم: ئەگەر بیەوێت دەستنوێژ بگرێت دەبێت پێشتر شوێنەواری خوێنەکە بشوات، وشتێک بە توندی بپێچێت لەسەر دامێنی وەکو لۆیەک بۆئەوەى خوێنەکە بوەستێت؛

لِقَوْلِ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ لِحَمْنَةَ: «أَنْعَتُ لَكِ الْكُرْسُفَ فَإِنَّهُ يُذْهِبُ الدَّمَ». قَالَتْ: فَإِنَّهُ أَكْثَرُ مِنْ ذَلِكَ. قَالَ: «فَاتَّخِذِي ثَوْبًا». قَالَتْ: هُوَ أَكْثَرُ مِنْ ذَلِكَ. قَالَ: «فَتَلَجَّمِي». الْحَدِيثُ.

چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە حەمنەى فەرموو: «پێشنیار دەکەم لۆکە بەکاربهێنیت لەسەر دامێنت دایدەنێیت، و خوێنەکە لادەبات»، ووتی: لە ئەوە زیاترە، پێی فەرموو: «پارچە جلێک -پەڕۆیەک- بەکاربێنە»، ووتی: لە ئەوە زیاترە، فەرمووی: «شتێک بەتوندی ببەستەوە لەنزیک دامێنت -بۆئەوەى ڕێگر بێت لە دەرچوونی خوێن-»، هەتا کۆتایی فەرموودەکە، و لەپاش ئەمە هەرشتێکی تر دەربچێت زیانی نیە ؛ چونکە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بە فاتیمەى کچی ئەبی حوبەیشی فەرموو:

«اجْتَنِبِي الصَّلَاةَ أَيَّامَ حَيْضِكِ، ثُمَّ اغْتَسِلِي وَتَوَضَّئِي لِكُلِّ صَلَاةٍ، ثُمَّ صَلِّي، وَإِنْ قَطَرَ الدَّمُ عَلَى الْحَصِيرِ». [رَوَاهُ أَحْمَدُ وَابْنُ مَاجَهْ].

«نوێژ مەکە لە ڕۆژەکانى سوڕی مانگانە، پاشان خۆت بشۆ ودەستنوێژ بگرە بۆ هەموو نوێژێک، ئەگەرچیش دڵۆپەى خوێن بڕژێتە سەر ڕاخەرەکە» [رواه أحمد وابن ماجه].

سێیەم: جووتبوون، زانایان ناکۆکن سەبارەت بە ڕێگەپێدراوی جووتبوون لەگەڵ ئافرەتی ئیستیحازەدار ئەگەر ترس نەبێت لەوەى سەرەنجامی ناڕەحەتی هەبێت، وڕای دروست ئەوەیە بەڕەهایی ڕێگەپێدراوە ؛ چونکە زۆر ئافرەت زیاتر لە دە ڕۆژ ئیستیحازەدار بوون لەسەردەمی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- وخواى گەورە وپێغەمبەرەکەى ڕێگریان نەکرد لە جوتبوون لەگەڵیان، بەڵکو کاتێک خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿فَاعْتَزِلُواْ النِّسَاء فِي الْمَحِيضِ﴾ واتە: ﴿خۆتان به دوور بگرن له هاوسه‌ره‌کانتان که له‌و حاڵه‌ته‌دا بن﴾ [البقرة: 222] ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەى واجب نیە دوورکەوتنەوە لێیان -جووت نەبوون لەگەڵیان- لە حاڵەتی تردا ؛ چونکە نوێژکردنی لەکاتی حاڵەتی ئیستیحازەداری ڕێگەپێدراوە، بۆیە حاڵەتەکانی تر حوکمەکەى ئاسانترە وەکو جووتبوون، وپێوان -قیاس- کردنی جووتبوونی لەگەڵ جووتبوون لەگەڵ ئافرەتی حەیزدار ؛ ئەمە هیچ دروست نیە، چونکە تەنانەت ئەوانەیشی دەڵێن جووتبوون لەگەڵ ئافرەتی ئیستیحازەدار حەرامە ؛ ناڵێن هەردوویان وەکو یەکن، وئەم پێوانە ڕاست ودروست نیە چونکە حاڵەتەکان جیاوازن.

بەشی شەشەم: زەیستانى وحوکمەکانى

نيفاس -زەیستانى- : خوێنێکە لە منداڵدانى ئافرەتەوە دەردەچێت بەهۆی منداڵبوونەوە لەکاتی منداڵبوندا يان لە دووای منداڵبون یان لە پێش منداڵبون بە ڕۆژێک یان دووڕۆژ لەگەڵ گرژبوونەوەى منداڵدان -ئازاریشی لەگەڵدایە-.

وشێخی ئیسلام ئیبن تەیمیە دەڵێت: «ئەوەى دەیبینێت لەسەرەتاى گرژبوونی منداڵدان -هەستکردن بەئازار- ئەمە زەیستانیە». ودیاری نەکرد بە دوو یان سێ ڕۆژ، ومەبەستی ئەوەیە: گرژبوون وئازارێکە کە لەپاشی منداڵبوون دێت ئەگەر نا ئەمە زەیستانى نیە، وزانایان ناکۆکن: ئایا سنووری هەیە بۆ کەمترین یان زۆرترین ماوەى بەردەوامبوونی ؟ شێخ تەقی ئەلدین لە نامیلکەیەکدا بەناوى (الأسماء الّتي علّق الشارع الأحكام بها : ل 37) دەڵێت: «وزەیستانى هیچ سنوورێک نیە بۆ کەمترین وزۆرترین ماوەى، بۆیە ئەگەر ئافرەت خوێنی بینی زیاتر لە چل یان پەنجا یان شەست یان حەفتا ڕۆژ وپچڕا ئەوا ئەمە خوێنی زەیستانیە، بەڵام ئەگەر خوێنەکە هەر بەردەوام بێت ونەوەستێت ئەوا ئەمە خوێنێکی پوچەڵە -خوێنی زەیستانی نیە-، بۆیە لەم حاڵەتەدا زۆرترین ماوە چل ڕۆژە بەپێی خووی زۆرینەى ئافرەتان کە لەگێڕانەوەکاندا هاتووە».

دەڵێم- نوسەر-: بەپێی ئەم بنەمایە ئەگەر خوێنی زەیستانى لە چل ڕۆژ زیاتر بوو، وخووی وابوو کە لە پاش ئەم ماوەیە بوەستێت، یان نیشانەکانى نزیکبوونەوەى پچڕانی دەرکەوت ؛ ئەوا چاوەڕێ دەکات هەتاوەکو خوێنەکە نامێنێت ودەپچڕێت ، ئەگەر نا خۆی دەشوات لەپاش چل ڕۆژ ؛ چونکە بەپێی زۆرینەیە، مەگەر لەپاشی ڕاستەوخۆ تووشی سوڕی مانگانە بێت بۆیە دادەنیشێت هەتاوەکو ئەم حەیزەیش تەواو دەبێت، ئەگەر حەیزەکە نەما پێویستە لەپاشی ماوەیەکی دیاریکراو -عادەیەک- دابنێت بەپێی ئەوە کار بکات لەداهاتوودا، بەڵام ئەگەر خوێنەکە هەر بەردەوام بوو ئەوا لەم حاڵەتەدا ئیستیحازەدارە، دەگەڕێتەوە بۆ سەر حوکمەکانى ئیستیحازەى پێشوو، وئەگەر بە پچڕانی خوێنەکە ؛ پاک بوویەوە ئەوا تەواو پاکبووەتەوە ئەگەرچیش لەپێش چل ڕۆژ بێت، بۆیە خۆی دەشوات ودەستنوێژ دەگرێت ونوێژە دەکات وڕۆژوو دەگرێت ومێردەکەى لەگەڵی جووت دەبێت، مەگەر پچڕانەکە لە ماوەى ڕۆژێک کەمتر بێت؛ لەم حاڵەتەدا هیچ حوکمێک بەسەریدا نادرێت، ئەمە ڕای دانەری (المغني)یە.

ئەو کاتە جێگیر دەبێت کە خوێنی زەیستانیە ئەگەر کۆرپەلە بووەکەى ؛ ڕوون بێت کە شێوەى مرۆڤە، بەڵام ئەگەر زۆر بچووک و ڕوون نیە شێوەى مرۆڤە ئەوا ئەمە خوێنی زەیستانى نیە، بەڵکو خوێنی دەمارە، بۆیە حوکمی ئافرەتی ئیستیحازەداری هەیە، وکەمترین ماوە بۆئەوەى شێوەى مرۆڤ ڕوون بێتەوە لەسەر کۆرپەلە ؛ هەشتا ڕۆژە لەسەرەتای سکپڕبوونەوە، وزۆرترین ماوە نەوەد ڕۆژە.

ئەلمەجد ئیبن تەیمە دەڵێت: (دەبێت گوێ نەدات بەو خوێنەى کە یەک ڕۆژ دێت و گرژبوونی منداڵدانى -ئازاری- لەگەڵدایە -پێش منداڵبوون- [نابێت بەهۆی ئەمەوە واز لە نوێژکردن ورۆژووگرتن بهێنێت]، بەڵام ئەگەر لەپاش منداڵبوون خوێنەکەى بینی نابێت نوێژ بکات وڕۆژوو بگرێت، پاشان ئەگەر بابەتەکە ڕوون بوویەوە لەپاش منداڵبوون کە بەپێچەوانەى ئەوەیە کە دیارە دەبێت حاڵی خۆی چاک بکات لەڕوانگەى نوێژکردن وڕۆژووگرتنەوە، وئەگەر بابەتەکە ڕوون نەبوویەوە ئەوا لەسەر حوکمی ئاشکرا ودیار بەردەوام دەبێت ودووبارەیان ناکاتەوە). [لە ئەوەوە گێڕاویەتیەوە لە : شرح الإقناع]

حوکمەکانى زەیستانى -نیفاس-:

حوکمەکانى زەیستانى هەروەکو حوکمەکانى سوڕی مانگانە -حەیز- وایە ، جگە لەم خاڵانە نەبێت:

یەکەم: ماوەى چاوەڕوانی -عیدە- حیسابکردنی دەبەسترێتەوە بە تەڵاقدان نەک بەماوەى زەیستانى؛ چونکە ئەگەر تەڵاقەکە لەپێش منداڵبوونەکە بێت ئەوا ماوەى چاوەڕوانیەکە تەواو دەبێت بەبوونی منداڵەکە نەک بە دەستپێکردنی زەیستانى، وئەگەر تەڵاقدانەکە لەپاش منداڵبوونەکە بێت ئەوا چاوەڕێ دەکات هەتاوەکو سوڕی مانگانەکەى دەگەڕێتەوە بۆ باری ئاسایی.

دووەم: ماوەى -ئیلائـ:إیلاء- ؛ ماوەى سوڕی مانگانە دەیگرێتەوە، بەپێچەوانەى ماوەى زەیستانى نایگرێتەوە.

وئیلائـ : بریتیە لەوەى پیاو سوێند بخوات لەسەر وازهێنان لە جووتبون لەگەڵ خێزانەکەى هەتاهەتایە یان بۆ ماوەیەک زیاتر لە چوار مانگ، ئەگەر سوێندی خوارد وپاشان ئافرەتەکە داواى جووتبونی لێکرد ، دەبێت ماوەى چوار مانگی پێبدرێت لەو کاتەوەى سوێندی خواردووە، ئەگەر ماوەکە تەواو بوو ؛ ناچار دەبێت بەوەى جووت بێت لەگەڵی یان لێی جیا بێتەوە بەداواکاری ئافرەتەکە، ئەگەر لەم ماوەیەدا ئافرەت لە زەیستانیدا بێت بۆ مێردەکەى حسێب ناکرێت، وچوار مانگی بۆ سەر زیاد دەکرێت، بەپێچەوانەى سوڕی مانگانەوە کە ماوەکە بۆ مێردەکە حسێب دەکرێت.

سێیەم: باڵغ بوون: بەدەستپێکردنی سوڕی مانگانە ڕوودەدات نەک بە زەیستانى، چونکە ناکرێت ئافرەت تووشی زەیستانى بێت هەتاوەکو خوێنی سوڕی مانگانەى لێوە دەردەچێت، بۆیە بەم خوێن دەرچوونە باڵغ بووە کە پێش سکپڕبوون دەکەوێت.

چوارەم: خوێنی سوڕی مانگانە ئەگەر بپچڕێت پاشان بگەڕێتەوە زۆرجار خوێنی سوڕی مانگانەیە بەدڵنیاییەوە، بۆ نمونە ئەگەر سوڕی مانگانەکەى هەشت ڕۆژ بێت، وخوێن ببینێت چوار ڕۆژ، پاشان دوو رۆژ بپچڕێت، پاشان لە رۆژی حەوتەم وهەشتەم بگەرێتەوە، ئەوا ئەم خوێنە گەڕاوەیە سوڕی مانگانەیە بەدڵنیاییەوە وحوکمەکانى حەیزی بەسەردا جێبەجێ دەبێت، وسەبارەت بە خوێنی زەیستانى ئەگەر پێش چل ڕۆژ بپچڕێت پاشان بگەڕێتەوە ئەمە جێی گومانە ؛ بۆیە واجبە لەسەری نوێژی فەرز بکات ورۆژووي فەرز بگرێت لەکاتەکانى خۆیاندا، وحەرامە لەسەری ئەو شتانەى حەرامە لەسەر ئافرەتی حەیزدار جگە لە واجبەکان نەبێت، وپاش پاکبوونەوەى واجبە لەسەری قەزای بكاتەوە ئەو شتانەى لەدەستی چووە لەم خوێنەدا هەروەکو چۆن واجبە لەسەر ئافرەتی حەیزدار، ئەمە بەناوبانگترین ڕایە لەلای فەقیهە حەنبەلیەکان.

وڕای دروست ئەوەیە: ئەگەر خوێن بەردەوام بێت لە ماوەى زەیستانى ؛ ئەوە خوێنی زەیستانیە، ئەگەر نا خوێنی سوڕی مانگانەیە مەگەر بەردەوام بێت لەگەڵی لەم حاڵەتەدا خوێنی ئیستیحازەیە.

وئەمە نزیکە لەوەى کە دانەری (المغني) گێڕاویەتیەوە لە ئیمام مالیکەوە -ڕەحمەتی خواى لێبێت-، کە دەڵێت: مالیک وتوویەتی: «ئەگەر خوێنی بینی لە پاش دوو یان سێ ڕۆژ -لەپاش پچڕانی- ئەوا ئەمە خوێنی زەیستانیە ئەگەر نا خوێنی حەیزە». ئەمیش بژاردەی شێخی ئیسلام ئیبن تەیمیەیە -ڕەحمەتی خواى لێبێت-.

وبەپێی واقیع، هیچ شتێک سەبارەت بە خوێنەکان جێی گومان نیە، بەڵام گومان شتێکی رێژەییە کە خەڵکی تێیدا ناکۆکن بەپێی زانست وتێگەیشتنیان، وقورئان وسونەت ڕوونکردنەوەى هەموو شتێکیان تێدایە، وخواى گەورە -سبحانه وتعالى- واجبی نەکردووە لەسەر هیچ یەکێک کە دوو جار ڕۆژووی ڕۆژێک بگرێتەوە، یان دوو جار تەواف بکاتەوە، مەگەر لە یەکەمیاندا کەموکورتی هەبێت وتەنها بە قەزاکردنەوەى باش دەبێت، سەبارەت بە کردەوەى بەندە هێندەى توانایەتی لەوەى پێی سپێردراوە لە تەکلیفە شەرعیەکان ؛ ئەگەر شتێک بەدەر لەتواناى بێت ئەوا هیچ شتێکی لەسەر نیە، چونکە خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿لَا يُكَلِّفُ ٱللَّهُ نَفۡسًا إِلَّا وُسۡعَهَا... واتە: ﴿خوای گه‌وره ئه‌رک ناخاته سه‌ر هیچ که‌سێک مه‌گه‌ر به قه‌ده‌ر توانایی خۆی نه‌بێت﴾ [البقرة:286].

وپەروەردگار دەفەرموێت: ﴿فَٱتَّقُواْ ٱللَّهَ مَا ٱسۡتَطَعۡتُمۡ... واتە: ﴿که‌وابوو هه‌تا ده‌توانن به‌ته‌قوا و خواناس بن﴾ [التغابن:16].

جیاوازى پێنجەم لەنێوان سوڕی مانگانە وزەیستانى: لە سوڕی مانگانە ئەگەر پاک بوویەوە لەپێش ماوەى دیاریکراوی خۆی ؛ ڕێگەپێدراوە مێردەکەى لەگەڵی جوت بێت، بەڵام لە زەیستانیدا ئەگەر پاک بوویەوە پێش چل ڕۆژ مەکروهە مێردەکەى لەگەڵی جووت بێت بەپێی بەناوبانگترین‌ ڕا لە مەزهەبەدا، وڕای دروست ئەوەیە مەکروهیەتی تێدا نیە، وئەمیش قسەی زۆرینەى زانایانە؛ چونکە مەکروهیەت حوکمێکی شەرعی ودەبێت بەڵگەیەکی شەرعی لەگەڵدا بێت. ولەم مەسەلەیەدا هیچ شتێک نیە جگە لەوەى ئیمام ئەحمەد گێڕاویەتیەوە لە عوسمانی کوڕی ئەبی عاس کە خێزانەکەى هات بۆ لای ، ئەویش (عوسمان) ووتی: لێم نزیک مەبەرەوە. وئەمە مانای ئەوە نییە کە مەکروهە؛ چونکە لەوەیە ڕوانگەى ئیحتیات وترسەوە بێت کە دڵنیا نیە لەوەى پاکبووەتەوە، یان خوێن بجوڵێت بەهۆی جوتبوونەوە، یان بەهۆی هۆکاری تر، وخواى گەورە زاناترە.

بەشی حەوتەم: بەکارهێنانى ئەو شتانەی دەبنە ڕێگر لەتووشبون بە سوڕی مانگانە یان هێنانى، وبەکارهێنانى ئەو شتانەى دەبنە هۆی ڕێگر لە منداڵبوون یان لەباربردنی منداڵ

ڕێگەپێدراوە ئافرەت ئەو شتانە بەکاربهێنێت کە دەبنە ڕێگر لە هاتنی سووڕی مانگانە بە دوو مەرج:

یەکەم: دەبێت مەترسی هیچ زیانێکی بۆ نەبێت، ئەگەر زیانی تێدا بێت بۆ ئافرەتەکە ئەوا ڕێگەپێدراو نیە؛ چونکە خواى گەورە دەفەرموێت: ﴿...وَلَا تُلۡقُواْ بِأَيۡدِيكُمۡ إِلَى ٱلتَّهۡلُكَةِ... واتە: ﴿خۆتان به‌ره‌و تیاچوون مه‌به‌ن (چونكه ڕه‌زیلی و ده‌ست نوقاوی مایه‌ی تیاچوونه‌)﴾ [البقرة:195]،

وهەروەها دەفەرموێت: ﴿...وَلَا تَقۡتُلُوٓاْ أَنفُسَكُمۡۚ إِنَّ ٱللَّهَ كَانَ بِكُمۡ رَحِيمٗا واتە: ﴿خۆتان مه‌کوژن و (یه‌کتر به‌ناحه‌ق مه‌کوژن، کاتێک بێزاریی و بێتاقه‌تی ڕووتان تێده‌کات یان تووشی زیانێک ده‌بن)، به‌ڕاستی خوا میهره‌بانه پێتان﴾ [النساء:29].

دووەم: دەبێت بەکارهێنانیان لەپاش ئیزن وەرگرتن بێت لە مێردەکەى ئەگەر بەکارهێنانەکە پەیوەندی بە مێرەکەوە هەبێت وەکو ئەوەى لەماوەى چاوەڕوانیدا بێت کە پیاوەکە واجبە لەسەری خەرجیەکانى بۆ دابین بکات، ئەویش ئەو شتانە بەکاردەهێنێت کە ڕێگر دەبێت لە سوڕی مانگانە بۆئەوەى ماوەکە زیاتر بێت وخەرجی زیاتر بکات ؛ ئەم بەکارهێنانە ڕێگەپێدراو نییە بۆ ڕێگرتن لەسوڕی مانگانە مەگەر پاش ئیزنی مێردەکە، وهەروەها کە سەلمێنرا ئەمە دەبێتە هۆی ڕێگرتن لە سکپڕبوون دەبێت بەهەمان شێوە ئیزن لە مێردەکە وەربگرێت، وئەگەر جێگیر بوو کە ڕێگەپێدراوە بەڵام باشتر وایە بەکارنەهێنرێت مەگەر بەهۆی پێویستیەکی زۆرەوە ؛ چونکە وازهێنان لەشتەکان لەسەر سروشتی خۆیان باشترە بۆ سەلامەتی وتەندروست باشی.

بەڵام سەبارەت بە بەکارهێنانى ئەو شتانەی دەبنە هۆی هێنانى -چالاککردنی- سوڕی مانگانە ؛ ڕێگەپێدراوە بە دوو مەرج:

یەکەم: نەبێتە هۆی خۆ دەربازکردن لە جێبەجێکردنی واجب، وەکو ئەوەى لە نزیک ڕەمەزان بەکاریبهێنێت، بۆئەوەى رۆژوو نەگرێت ونوێژ نەکات وبەو شێوەیە.

دووەم: بە ئیزنی مێردەکەى بێت ؛ چونکە سوڕی مانگانە دەبێتە هۆی بێبەشبوون لە چێژوەرگرتنی کامڵ، بۆیە بەکارهێنانى شتێک ڕێگەپێدراو نییە کە ببێتە هۆی بێبەشکردنی لە مافەکانى مەگەر پاش ئیزنی خۆی، وئەگەر تەڵاقدراو بێت، بەکارهێنانى دەبێتە هۆی پەلەکردن لەوەى مێرد دەست لە مافەکانى هەڵبگرێت بۆئەوەى بیگەڕێنێتەوە، کاتێک تەڵاقەکە ئەگەری هەڵوەشاندنەوەى تێدا بێت.

وسەبارەت بە بەکارهێنانى ئەو شتانەى دەبنە ڕێگر لەپێش سکپڕبوون ئەمە دوو جۆرە:

یەکەم: ئەوەى دەبێتە هۆی ڕێگرییەکی هەمیشەیی ئەمە ڕێگەپێدراو نییە چونکە دەبێتە هۆی نەمانی نەوە، وئەمیش پێچەوانەى مەبەستی شەریعەتە لە زۆربوونی ئومەتی ئیسلام؛ هیچ دڵنیا نیە لەوەى هەموو منداڵەکانى بمرن وبە بێوەژنی بەتەنها بمێنێتەوە بێ منداڵ.

دووەم: بەشێوەیەکی کاتی ڕێگر بێت لەسکپڕبوون، وەکو ئەوەى زۆر سکی بێت، وئەمە ببێتە هۆی زۆر ناڕەحەت کردنی، بۆیە دەیەوێت سکپڕبوونی ڕێک بخات وەکو ئەوەى دوو ساڵ جارێک منداڵی ببێت یان هاوشێوەى ئەمە، ئەمە ڕێگەپێدراوە، بەمەرجێک لەپاش ڕوخسەتی مێردەکەى بێت، وهیچ زیانێکی بۆی نەبێت، وبەڵگەش لەسەر ئەمە هاوەڵان عەزلیان دەکرد لەسەردەمی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- بۆئەوەى خێزانەکانیان سکیان نەبێت، نەهیان لێنەکرا لەم کارە، وعەزل بریتیە لەوەى لەکاتی دەرچوونی مەنیەکە لە دەرەوەى ئەندامی زاوزێی خێزانەکەى فڕێی بدات.

سەبارەت بە بەکارهێنانى ئەو شتانەى دەبنە هۆی لەباربردنی کۆرپەلە ، ئەمیش لەسەر دوو جۆرە:

یەکەم: مەبەستی لەباربردنی بۆ لەناوبردنی بێت، ئەمە ئەگەر لەپاش ئەوە بێت کە ڕۆح کراوە بەبەری؛ حەرامە، بەبێ گومان ؛ چونکە کوشتنی نەفسێکە کە خوا حەرامی کردووە کوشتنی، وکوشتنی ئەم نەفسە حەرامە بەپێی قورئان وسونەت ویەکدەنگی زانایان، وئەگەر لەپێش ڕۆح بەبەردا کردنی بێت ؛ زانایان ناکۆکن سەبارەت بە ڕێگەپێدانی، تێیاندایە قەدەغەی کردووە، وتێیاندایە دەڵێت: ڕێگەپێدراوە ئەگەر نەبووبێت بە عەلەقەیەک -پارچە خوێنێکی هەڵواسراو-، واتا ئەگەر چل ڕۆژ بەسەر دروستکردنیدا تێپەڕ نەبووبێت، وتێیاندایە دەڵێت: ڕێگەپێدراوە ئەگەر شێوەى مرۆڤ بوونی تێدا نەبێت.

وباشتر وایە لەباری نەبات مەگەر بەهۆی پێویستیەکی زۆرەوە وەکو ئەوەى نەخۆش بێت ونەتوانێت ئارام بگرێت لەسەر ئەم سکە یان هاوشێوەى ئەم حاڵەتە، لەم حاڵەتەدا ڕێگەپێدراوە، بەڵام ئەگەر ماوەیەک بەسەر سکەکەى تێپەڕبوو کە ڕوونە شێوەى مرۆڤی پێوە دیارە؛ ئەوا لە حاڵەتەدا قەدەغەکراوە، وخودا زاناترە.

دووەم: مەبەستی لەناوبردنی نەبێـت بەڵکو مەبەستی لە لەباربردنی -لە سک دەرکردنی- کۆرپەلەکە بۆئەوە بێت زوو منداڵەکەى ببێت وماوەى سکپڕبوونەکەى کۆتایی بێت ؛ ئەمە ڕێگەپێدراوە، بەمەرجێک زیانی بۆ دایکەکە وکۆرپەلەکە نەبێت، وکارەکە پێویستی بە نەشتەرگەری نەبێت، ئەگەر پێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت ئەمە لەسەر چوار حاڵەتە:

یەکەم: دایک وکۆرپەلەکە زیندوو بن، لەم حاڵەتەدا نەشتەرگەری ڕێگەپێدراو نییە مەگەر بەهۆی پێویستیەکی زۆرەوە، وەکو ئەوەى منداڵبوونەکەى ناڕەحەت بێت وپێویستی بە نەشتەرگەری هەبێت، چونکە لاشە ئەمانەتە لای بەندە، بۆیە ناتوانێت بەشێوەیەک هەڵسوکەوتی پێوە بکات کە زیانێکی گەورەی تێدا بێت مەگەر بەهۆی پێویستیەکی زۆرەوە؛ چونکە لەوەیە پێی وابێت بەهۆی نەشتەرگەری تووشی زیان نابێت بەڵام هەر تووشی دەبێت.

دووەم: ئەگەر دایکەکە وکۆرپەلەکە مردوو بن، لەم حاڵەتەدا نەشتەرگەری ڕێگەپێدراو نییە بۆ دەرهێنانى چونکە هیچ سوودێکی نیە.

سێیەم: دایکەکە زیندوو بێت وکۆرپەلەکە مردوو بێت، لەم حاڵەتەدا نەشتەرگەری ڕێگەپێدراوە بۆ دەرهێنانى کۆرپەلەکە، مەگەر مەترسی زیانێک هەبێت بۆ سەر ئافرەتەکە ؛ چونکە وادیارە -وخودا زاناترە- کە کۆرپەلە ئەگەر بمرێت لە سکی دایکیدا ئەوا دەرناکرێت مەگەر بە نەشتەرگەری نەبێت، بۆیە مانەوەى لە سکی دایکی دەبێتە هۆی ڕێگرتن لە منداڵبوون لە داهاتوودا، وناڕەحەتیە لەسەر ئافرەتەکە، ولەوەیە ڕۆژانێکی زیاتر بمێنێتەوە بەبێ ئەوەى هاوسەری هەبێت ئەگەر لە ماوەى چاوەڕوانیدا بێت پاش ئەوەى مێردی پێشووی تەڵاقی دا.

چوارەم: ئەگەر دایکەکە مردوو بێت وکۆرپەلەکە زیندوو بێـت، ئەگەر هیوا نەبێت بەوەى کۆرپەلەکە زیندووە ئەوا نەشتەرگەریەکە ڕێگەپێدراو نیە.

وئەگەر هیوا هەبێت بەوەى زیندووە، ئەگەر هەندێک بەشی لاشەی دەرچوو بێت ئەوا بەشێکی تری لاشەى دایکەکە دەبڕدرێت بۆ دەرکردنی، وئەگەر هیچ بەشێکی لاشەی کۆرپەلەکە دەرنەچوو بێت ، زانایانمان -ڕەحمەتی خوایان لێبێت- دەڵێن: سکی دایکەکە نابڕن بۆئەوەى کۆرپەلەکە دەربکەن؛ چونکە ئەمە شێواندنی لاشەى مردووە، وڕای دروست ئەوەیە سکی دایکەکە ببڕدرێت ئەگەر هیچ ڕێگایەک نەبێت بۆ دەرهێنانى کۆرپەلەکە مەگەر بەم ڕێگایە. وئەمە بژاردەی ئیبن هوبەیرەیە لە (الإنصاف) دەڵێت: وباشتر وایە ئەمە بکرێت.

دەڵێم: بەتایبەت لەم کاتەى ئێستادا، چونکە کردنی نەشتەرگەری نابێتە هۆی شێواندنی لاشە؛ چونکە سکی ئافرەتەکە دەبڕدرێت پاشان تیمار دەکرێتەوە، وپاراستنی زیندوو لەپێشەوەى پاراستنی مردووە ؛ وڕزگارکردنی ڕۆح لە تیاچوون واجبە، وکۆرپەلەى سکی دایک مرۆڤە وپارێزراوە ومافى خۆی هەیە، بۆیە واجبە ڕزگار بکرێت. وخودا زاناترە.

تێبینی: لەو حاڵەتانەى کە ڕێگەپێدراوە کۆرپەلە لەبار ببرێت دەبێت لەپاش ئیزنی مێردەکەىبێت.

ولێرەدا تەواو بوو ئەوەى ویستمان بینووسین لەم بابەتە گرنگەدا، وجەختمان کردەوە لەسەر پوختکردنەوەى بنچینەى مەسەلەکان وڕێکخستنیان وبەشەکانیان وئەوەى ڕوودەدات لای ئافرەتان زۆر زۆرە وەکو دەریا سنووری نیە، بەڵام کەسی چاوڕۆشن دەتوانێت لق وبەشەکان بگەڕێنێتەوە بۆ سەر بنچینەکان وبابەت وڕێکخستە گشتیەکان، وشتەکان بە هاونمونەکانیان دەپێوێت.

ودەبێت موفتی -فتوادەر- بزانێت کە ئەو نێوەندە لەنێوان الله وخوڵقێنراوەکانى لە گەیاندنی ئەوەى پەیامبەرانی پێی هاتوون، وڕوونکردنەوەیان بۆ خەڵکی، وئەو بەرپرسیارە لەوەى لە قورئان وسونەتدا هاتوون، چونکە هەردوویان دوو سەرچاوەن کە ئەرکە لەسەر بەندەکان تێیان بگەن، وکردەوەیان پێبکەن، وهەرشتێک پێچەوانەى قورئان وسونەت بێت ؛ هەڵەیە، و واجبە خاوەنی ڕەدی بدرێتەوە، ونابێت کردەوە بە قسەکەى بکرێت، وئەگەر لەوانە بێت کە ئیجتیهادی کردووە ئەوا پاداشت دەدرێتەوە لەسەر کۆششکردنی بۆ پێکانی هەق، بەڵام نابێت بۆ کەسێکی زانا ئەم بۆچوونە قبوڵ بکات وشوێنی بکەوێت ئەگەر بزانێت هەڵەیە.

و واجبە لەسەر موفتی نیەتی بەدڵسۆزی بۆ خواى گەورە بێت -سبحانه وتعالى-، وداواى یارمەتی و بەهاناوە هاتن تەنها لە ئەو بکات لە هەرشتێک تووشی دەبێت، وداواى دامەزراندن وجێگیربوون وسەرکەوتن تەنها لە ئەو بکات.

و واجبە بەسەرەکی گرنگی بدات بەوەى لە قورئان وسونەتدا هاتووە، ودەخوێنێتەوە ودەگەڕێت لەنێو قسەی زانایان بۆ تێگەیشتن لە دەقەکان.

وزۆر مەسەلە هەیە، کە مرۆڤ بەدوایدا دەگەڕێت لەنێو قسەی زانایان هێندەى بتوانێت، بەڵام شتێک نادۆزێتەوە جێی دڵنیایی بێت، ولەوەیە باسکردنیشی هەر نەدۆزێتەوە، بەڵام ئەگەر بگەڕێتەوە بۆ قورئان وسونەت ئەوا حوکمەکەى بۆ ڕوون دەبێتەوە بەنزیکی وئاشکرایی، وئەمیش بەپێی دڵسۆزی وزانست وتێگەیشتنی.

و واجبە لەسەر موفتی لەکاتی ناڕوونی لەسەرخۆ بێت وپەلە نەکات لە حوکمدان، چەند حوکمدان هەیە کە پەلەى تێدا کرا پاش ماوەى نزیک ڕوون بوویەوە کە هەڵەى کردووە، بۆیە پەشیمان دەبێتەوە لەسەر ئەم قسەیە، ولەوەیە نەتوانێت ئەوەى فتواى لەسەری داوە قەرەبووی بکاتەوە!

وئەگەر خەڵکی بزانن موفتی لەسەرخۆیە وجێگیرە وئەوا متمانەیان بە قسەکانى هەیە وبەهەند وەریدەگرن، وئەگەر ببینن بەپەلەیە، وئەوەى پەلە دەکات زۆر هەڵە دەکات، ئەوا متمانەى نابێت لەلایان لەو شتانەى فەتواى لەسەر دەدات، بۆیە بەم پەلە وهەڵە کردنەی خۆی وخەڵکانێکی زۆری بێبەشکرد لە زانست وپێکانى هەق.

داواکارین خواى گەورە هیدایەتی ئێمە وبرایانی مسوڵمانمان بدات بۆ ڕێبازی ڕاست، وبمانپارێزێت لە کەوتن وتیاچوون بەپاراستنی خۆی، ئەو سەخی وبەخشندەیە، وصلّى الله وسلّم على نبيّنا محمدٍ، وعلى آلـه وصحبـه أجمعين. والحمد لله الذي بنعمتـه تتـمّ الصالحات

بە پێنووسی هەژار بۆ لای پەروەردگار

موحەمەد ساڵح ئەلعوسەیمین

لە چێشتەنگاوى ڕۆژی جومعە

14 شەعبان 1395 ك

 

 

***

پێـڕست

 

بەشی یەکەم: ماناى سوڕی مانگانە -حەیز- وحیکمەتی 4

بەشی دووەم: کات وماوەى سوڕی مانگانە 6

- بەشی سێیەم: گۆڕانکاری نا نائاسایی لە سوڕی مانگانە 17

بەشی چوارەم: حوکمەکانى سوڕی مانگانە -حەیز 24

بەشی پێنجەم: ئیستیحازە وحوکمەکانى 48

بەشی شەشەم: زەیستانى وحوکمەکانى 60

بەشی حەوتەم: بەکارهێنانى ئەو شتانەی دەبنە ڕێگر لەتووشبون بە سوڕی مانگانە یان هێنانى، وبەکارهێنانى ئەو شتانەى دەبنە هۆی ڕێگر لە منداڵبوون یان لەباربردنی منداڵ 67

 

***

 

ku130v1.0 - 24/08/2026