الوَسَائِلُ المُفِيدَةُ لِلحَيَاةِ السَّعِيدَةِ
ئامراز وڕێکارە بەسوودەكان بۆ گەیشتن بە ژیانێكی بەختەوەر
الشَّيْخُ عَبْدُ الرَّحمَنِ بْنُ نَاصِرٍ السَّعْدِيُّ
رَحِمَهُ اللهُ
نووسینی:
شەیخ عبد الرحمن ئیبن ناسڕ ئەلسەعدی -ڕەحمەتی خوای لێبێت-
بِسْمِ اللهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
ئامراز وڕێکارە بەسوودەكان بۆ گەیشتن بە ژیانێكی بەختەوەر
پێشەكی دانەر
الحمد لله الذي له الحمد كله، وأشهد أن لا إله إلا الله وحده لا شريك له، وأشهد أن محمداً عبده ورسوله، صلى الله عليه وعلى آله وأصحابه وسلم.
پاشان: بێگومان ئارامی ودڵنیایی وبەختەوەری دڵ ولاچوونی غەم وخەفەتەكانی ؛ داواكراوە لەلایەن هەموو مرۆڤێكەوە، و بەهۆیەوە ژیانێكی خۆش وبەختەوەر بەدەست دەهێنرێت، وشادی وئاسوودەیی كامڵ دەبێت، بۆ بەدەستهێنانی ئەم بەختەوەرەیە چەند هۆكارێك هەیە لەوانەش: هۆكاری ئاینی، هۆكاری سروشتی، هۆكاری كرداری، هەموو ئەمانەیش تەنها بۆ ئیماندار كۆدەبێتەوە، بەڵام خەڵكانی تر ؛ ئەگەرچیش هەندێكیان بەدەست بهێنن لەلایەك وهۆكارێكەوە كە ژیرەكانیان كۆشش دەكەن بۆ گەیشتن پێی، بەڵام لە زۆر لایەنی ترەوە بەختەوەری بەدەست ناهێنن كە بەسوودترن ودامەزراوترن وچاكترن بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكان.
من لەم پەیامەدا ئەو هۆكارانەی لە هزرمدایە ؛ دەینووسم بۆ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجە باڵایە، كە هەموو مرۆڤێك هەوڵی بۆ دەدات.
هەندێك خەڵك گەیشتوون بە زۆرێك لەم هۆكارانە بۆیە ژیانێكی بەختەوەرانە وخۆشیان هەیە، وهەندێك خەڵكی تر ؛ شكستیان خوارد لە گەیشتن پێیان بۆیە لە ژیانێكی ناخۆش وناڕەحەتدان، وژیانیان پڕ لە مەینەتیە، وخەڵكی تر هەیە ؛ لەناوەڕاستدایە، بە پێی گەیشتنیان بە هۆكارەكان، خوای گەورە سەركەوتوومان بكات ویارمەتیدەرمان بێت بۆ بەدەستهێنانی هەموو خێرێك، ودوورخستنەوەی هەموو شەڕێك.
بەشی یەكەم
1- گەورەترین هۆكار وگرنگترین بنچینە بریتیە لە ئیمان هێنان وكردەوەی چاك ئەنجامدان، خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿مَنْ عَمِلَ صَالِحًا مِّن ذَكَرٍ أَوْ أُنثَىٰ وَهُوَ مُؤْمِنٌ فَلَنُحْيِيَنَّهُ حَيَاةً طَيِّبَةً ۖ وَلَنَجْزِيَنَّهُمْ أَجْرَهُم بِأَحْسَنِ مَا كَانُوا يَعْمَلُونَ 97﴾
ھەرکەس لە نێر یان لە مێ کردەوەی چاکی کردبێت و بیکات و بڕواداریش بوو بێت ئەوە سوێند بە خوا بە ژیانێکی خۆش دەیان ژیەنین و سوێند بێ پاداشتیان بدەینەوە بە چاکتر لەوەی کە ئەوان دەیانکرد﴾ [النحل: 97].
خوای گەورە باسیكردووە وپەیمانی داوە بە ئەوانەی ئیمانیان هێناوە وكردەوەی چاكیان كردووە ؛ ژیانێكی خۆش وپاكیان پێببەخشێت لەم دونیایەدا، وپاداشتیان بە چاكە بداتەوە لەم ژیانە ولە شوێنی مانەوەی هەمیشەیی دووارۆژ.
هۆكاری ئەمە ڕوونە ؛ ئەو ئیماندارانەی بەڕاستی باوەڕیان بە الله هێناوە، بە ئیمان هێنانێک کە بەرهەمەکەی كردەوەی چاک ئەنجام دانە؛ کە هۆکاری باش کردنی دڵ وڕەوشت ودونیاو دوواڕۆژە، وئەو بنچینانەیان پێیە كە ڕێنیشاندەریانە بۆ بەختەوەری وشادی، وبۆیان ڕووندەكاتەوە چۆن مامەڵە بكەن لەگەڵ دڵەڕاوكێ وغەم وخەفەت.
بەسوپاسگوزاریەوە پێشوازی لە حاڵەتەكانی ئاسوودەیی وخۆشگوزەرانی دەكەن، ولەو شتانەدا بەكاریان دەهێنن كە سوودی هەیە، ئەگەر بەم شێوەیە بەكاریان بهێنن ؛ بەختەوەر دەبن، وحەز دەكەن بمێنێتەوە وبەرەكەتی زیاتر بێـت، و بەهیوای پاداشتن وەكو پاداشتی ئەوانەی سوپاسگوزاری خوای گەورەن، پاداشتێك هێندە خێر وبەرەكەتی لەگەڵدایە كە زۆر زیاترە لەم خۆشیانە؛ كە دەرەنجامی سەرەتایی ئەم سوپاسگوزاریەن.
لەبەرامبەردا، هێندەی دەتوانن بەرەنگاری ناخۆشی وزیان وغەم وخەفەتەكان دەبنەوە، وهێندەی بتوانن لەسەر خۆیان ئاسانی دەكەن، و بەجوانی ئارام دەگرن لەسەر ئەو شتانەی ناتوانن بەرەنگاری ببنەوە، بەم شێوەیە سوود وەردەگرن لە كاریگەری وشوێنەواری ناخۆشیەكان ؛ لە بەرەنگاربوونەوەی بوێرانە، وشارەزایی وهێز، وئارامگرتن و بەهیوابوونی پاداشت، بەهۆی ئەم ئەنجامە مەزنانە ؛ ناخۆشی وناڕەحەتیەكان نامێنن، وئاسوودەیی وهیوای خۆش شوێنیان دەگرنەوە، وهیوابوون بە فەزڵ وپاداشتی خوای گەورە، پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەم بابەتەی ڕوون كردووەتەوە لەم فەرموودە سەحیحەدا، كە دەفەرموێت:
(عَجَبًا لِأَمْرِ الْمُؤْمِنِ، إِنَّ أَمْرَهُ كُلَّهُ خَيْرٌ، إِنْ أَصَابَتْهُ سَرَّاءُ شَكَرَ فَكَانَ خَيْرًا لَهُ، وَإِنْ أَصَابَتْهُ ضَرَّاءُ صَبَرَ فَكَانَ خَيْرًا لَهُ، وَلَيْسَ ذَلِكَ لِأَحَدٍ إِلَّا لِلْمُؤْمِنِ).
«حاڵ وکاروباری ئیماندار جێی سەرسوڕمانە، هەموو حاڵ وکاتێکی هەر مایەی خێرە بۆی، ئەگەر تووشی خۆشگوزەرانی بێت؛ سوپاسی خودا دەکات وئەمە دەبێتە مایەی خێر بۆی، وئەگەر تووشی زیان بێت؛ ئارام دەگرێت، وئەمەش هەر دەبێتە مایەی خێر بۆی، وئەمە بۆ هیچ کەسێک نییە جگە لە ئیماندار». [رواه مسلم].
پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە خێر وپاداشتی ئیماندار چەند هێندە دەبێتەوە ؛ لە هەموو ئەو شتانەی بەسەریدا ڕوودەدات لە بەختەوەری وناڕەحەتی. بۆیە دەبینیت هەردووكیان ڕوودەدەن بەسەر خەڵكیدا ؛ بەڵام جیاوازیەكی زۆریان هەیە لە چۆنیەتی ڕووبەڕووبونەوەیان، ئەمیش بەپێی جیاوازیانە لە ئیمان وكردەوەی چاك. ئەوەی ئیمان وكردەوەی چاكی هەیە ؛ بەرەنگاری خێر وشەڕ دەبێتەوە بەوەی باسمان كرد لە سوپاسگوزاری وئارامگرتن وئەوەی پەیوەستن پێیانەوە، بۆیە بەختەوەر وشاد دەبێت، وغەم وخەفەت ودڵەڕاوكێ ودڵتەنگی لەسەر نامێنێت، وژیانێكی خۆشی دەبێت لەم دونیایەدا. بەڵام بێباوەڕ وفاسق بەختەوەری وخۆشیەكان بەكاردەهێنن لە شەڕ وخۆبەگەورەزانین وسنوور تێپەڕاندن، بۆیە ڕەوشتیان تێكدەچێت وبەكاریان دەهێنێت هەروەكو ئاژەڵان بە تەماح وپەرۆشیەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمەیشدا دڵی ئارام نییە، بەڵكو پەشۆكاوە لەچەند ئاراستەیەكەوە، لەلایەكەوە دەترسێت ئەوەی حەزی پێدەكات ؛ لەناوبچێت، وتووشی ناڕەحەتی دەبێت لە پاراستنی حەزەكانی بەهۆی ئەو بەربەستانەی دێنە پێشی، و لەلایەكی ترەوە حەزەكانی نەفس لە سنوورێك ناوەستێت بەڵكو بەپەرۆشە بۆ شتی زیاتر، لەوەیە بەدەستی بهێنێت و لەوەیە بەدەستی نەهێنێت، ئەگەر بەدەستی بهێنێت ئەوا جێی دڵەڕاوكێیە بەهۆی ئەو لایەنانەی باسمان كرد، وبەرەنگاری ناڕەحەتیەكان دەبێتەوە بە دڵەڕاوكێ وناڕەزایی دەربڕین وبێزاری وترس، بۆیە مەپرسە تووشی چی غەم وپەژارەیەك دەبێت لەم ژیانەدا، لە نەخۆشیە مێشكی ودەروونیەكان، ولەو ترسەی كە ڕەنگە بیگەیەنێت بە خراپترین حاڵ وترسناكترین سەرەنجام، چونكە بەهیوای پاداشت نییە، وئارامگرتنی نییە كە دڵنەوایی بكات وناڕەحەتیەكانی لەسەر ئاسان بكات.
هەموو ئەمانە زانراون لەڕێگای ئەزموونی مرۆڤەكانەوە، ویەك نمونە لەسەر ئەم جۆرە: ئەگەر تێڕامانی بۆ بكەیت وبەراوردی بكەیت لەگەڵ حاڵی خەڵكی، بۆت دەردەكەوێت جیاوازی زۆر هەیە لەنێوان ئەو ئیماندارەی بەپێی ئیمانەكەی كردەوە دەكات، وئەو كەسەی بەو شێوەیە نییە، ئاین زۆر ئامۆژگاری دەكات بۆ قەناعەت بوون بە ڕزقی خوای گەورە، وبەوەی بەخشیوویەتی بە بەندەكان لە فەزڵ وڕێزلێنانی هەمەجۆر.
ئیماندار ئەگەر تاقیبكرێتەوە بە نەخۆشی وهەژاری، یان هەر تاقیكردنەوەیەكی تر ؛ كە لەوەیە تووشی هەركەسێك بێت، ئەوا -بە ئیمانەكەی وبەو قەناعەت وڕازیبوونەی هەیەتی بەوەی خودا بەخشیوویەتی- ؛ قایل وڕازیە، ولە دڵیەوەی داوای شتێك ناكات ؛ كە لە قەدەردا بۆ ئەو نەبووە، لە شتومەكی دونیایی ؛ سەیری ئەو خەڵكانە دەكات كە كەمتریان هەیە لە خۆی، وسەیری سەرەوەی خۆی ناكات، لەوەیە بەختەوەری وئارامی زیاتر بێت لە ئەو كەسانەی كە هەموو شتێكی دونیایان بەدەست هێناوە ئەگەر ئەم كەسە قەناعەتی پێنەبەخشرا بێت.
لەبەرامبەردا دەبینیت ئەو كەسەی كردەوەی نییە بەپێی ئیمان، ئەگەر تووشی تاقیكردنەوەیەك بێت بۆ نمونە هەژاری یان لەدەستدانی شتێك لە دەستكەوتەكانی دونیا، ئەوا لە ئەوپەڕی ناڕەحەتی وبێ هیوایداییە.
ونمونەیەكی تر: ئەگەر ترس وڕووداوە ئاڵۆزەكان هات بەسەر مرۆڤدا، دەبینیت ئەوەی ئیمانەكەی دروستە ودڵی چەسپاوە، ودەروونی ئارامە، دەتوانێت بەهێوری وچاكی ئەم حاڵەتە بخاتە ژێر ڕكێفیەوە ؛ بەهۆی بەكارهێنانی ئەوەی لەتوانایدایە لە بیركردنەوە وقسە وكردەوە، وخۆی ئامادە کرووە بۆ ئەم ڕووداوە ناڕەحەتانە، ئەم حاڵەتانە مرۆڤ هێوەر دەكاتەوە ودڵی جێگیر دەكات.
بەڵام بێباوەڕ بە پێچەوانەی ئەم حاڵەتەوە، ئەگەر تووشی ترس بێت ؛ یژدانی ناڕەحەت دەبێت، ودەروونی دەشێوێت، وبیری تێكدەچێت و لەناخەوە تووشی ترس وبیم دەبێت، تووشی ترسی دەرەكی ودڵەڕاوكێی ناخ دەبێت ؛ بەشێوەیەك كە دەربڕینی مەحاڵە، ئەم جۆرە لە خەڵكی ئەگەر هەندێك هۆكاری سروشتی بەكارنەهێنن كە پێویستی بە ڕاهێنانی زۆر هەیە ئەوا هێزیان لەدەست دەدەن وبیریان دەشڵەژێت، بەتایبەت لە حاڵەتە ناڕەحەت وغەم هێنەرەكاندا ئەمیش بەهۆی نەبوونی ئیمان كە هاندەرە بۆ ئارامگرتن.
چاكەكار وتاوانبار، وئیماندار وكافر بەشدارن لە بەدەستهێنانی ئازایەتی، هەروەها توانای فیترییان هەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداوە سەختەكان وئاسانكردنەوەی، بەڵام ئیماندار جیاوازە بەهۆی بەهێزی ئیمان وئارامگرتن وتەوەكول وپشت بەستنی بە خوای گەورە، و بەهیوای پاداشتە، ئەم شتانە ئازایەتی زیاد دەكات، وشوێنەواری ترسی لەسەر كەم دەكات، وناڕەحەتیەكانی لەسەر ئاسان دەبێت، هەروەكو خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿إِن تَكُونُوا تَأْلَمُونَ فَإِنَّهُمْ يَأْلَمُونَ كَمَا تَأْلَمُونَ وَتَرْجُونَ مِنَ اللَّهِ مَا لَا يَرْجُونَ104﴾
﴿ئەگەر ئێوە ئێش و ئازارتان پێ بگات بێگومان ئەوانیش ئێش و ئازاریان پێدەگات وەک چۆن ئێوە ئێش و ئازارتان پێدەگات و ئێوە ئومێد دەکەن لەخوا ئەوەی ئەوان ئومێدی ناکەن (کە پاداشت و سەرکەوتنە) ﴾ [النساء: 104]. هەروەها خوای گەورەوە هاوكاری ویارمەتیدانێكی تایبەتیان پێدەبەخشێت كە شوێنەواری ترسەكان لەناودەبات، پەروەردگار دەفەرموێت:
﴿...وَاصْبِرُوا ۚ إِنَّ اللَّهَ مَعَ الصَّابِرِينَ﴾
﴿وە ئارامگر -خۆ ڕاگر- بن بەڕاستی خوا لەگەڵ خۆگراندایە﴾ [الأنفال: 46].
2- لەو هۆكارانەی كە دەبێتە هۆی نەهێشتنی غەم وخەفەت ودڵەڕاوكێ، جۆرە جیاوازەكانی چاكەكارییە لەگەڵ خەڵكی بە قسە وكردەوە، هەموو ئەو خێر وچاكەكاریانە ؛ بەهۆیانەوە خوای گەورە غەم وخەفەت ودڵەڕاوكێ لادەبات لەسەر مرۆڤی چاكەكار وتاوانبار بەپێی پلەی چاكەكاریەكە، بەڵام ئیماندار چاكترین بەشی هەیە، وبەوە جیاوازە كە چاكەكاریەكەی دەرەنجامی دڵسۆزیەتی بۆ خوای گەورە و بەهیوای پاداشتە.
بۆیە خوای گەورەیش ئەنجامدانی جۆرە جیاوازەكانی خێر وچاكەی لەسەر ئاسان دەكات، وناڕەحەتیەكانی لێ دوور دەخاتەوە بەهۆی دڵسۆزی وبەهیوابوونی پاداشت، پەروەردگار دەفەرموێت:
﴿لَا خَيْرَ فِي كَثِيرٍۢ مِّن نَّجْوَىٰهُمْ إِلَّا مَنْ أَمَرَ بِصَدَقَةٍ أَوْ مَعْرُوفٍ أَوْ إِصْلَاحٍۢ بَيْنَ النَّاسِ وَمَن يَفْعَلْ ذَٰلِكَ ابْتِغَآءَ مَرْضَاتِ اللَّهِ فَسَوْفَ نُؤْتِيهِ أَجْرًا عَظِيمًا114﴾
ھیچ چاکەیەک نیە لەزۆربەی چپە کردنەکانیاندا مەگەر یەکێک فەرمان بکات بەماڵ بەخشین لەرێی خوادا یان فەرمانکردن بە چاکە یان چاککردنی نێوان خەڵکی جا ھەر کەسێک ئەوە بکات بەنیازی ڕەزامەندی خوا ئەوە لە داھاتوودا پێی دەبەخشین پاداشتی زۆر گەورە﴾ [النساء: 114].
خوای گەورە -سبحانه وتعالی- باسی ئەوەمان بۆ دەكات كە ئەم كردەوە چاكانە خێرن ئەگەر هەركەسێك ئەنجامیان بدات، وخێر خێر دەهێنێت، وشەڕ دوور دەخاتەوە، وئەو ئیماندارەی بەهیوای پاداشتە ؛ خوای گەورە پاداشتی گەورەی پێدەبەخشێت، ولەو پاداشتە مەزنانە: نەهێشتنی غەم وپەژارە وناڕەحەتی وهتد لە ناخۆشیەكان.
بەشی دووەم
دڵەڕاوكێ كە دروست دەبێت بەهۆی شپرزەیی مێشك وسەرقاڵی دڵ بە ئەو شتانەی تووشی پەژارەی دەكەن، لە هۆكارەكانی دوورخستنەوەی: سەرقاڵبوون بە كردەوەیەك لە كردەوە بەسوودەكان یان زانستێك لە زانستە بەسوودەكان. ئەم شتانە دڵ سەرقاڵ دەكەن ؛ بۆیە بیر ناكاتەوە لەو شتانەی دەبێتە هۆی دڵەڕاوكێ. لەوەیە ئەو هۆكارانەی لەبیر بچێتەوە كە دەبنە هۆی غەم وخەفەت، بۆیە دەروونی بەختەوەر دەبێت، وچالاكی زیاد دەكات، وئەم هۆكارە باوەڕدار وبێباوەڕ تێیدا بەشدارە. بەڵام ئیماندار جیاوازە بەهۆی باوەڕ ودڵسۆزی وبەهیوابوونی پاداشت لەكاتی سەرقاڵبوونی بە ئەو زانستەی فێری دەبێت یان فێری دەكات، وئەو كردەوە خێرەی دەیكات، ئەگەر پەرستن بێت ئەوا پەرستنی الله یە، وئەگەر كارێكی دونیایی یان خوویەك بێت ونیەتی چاكی لەگەڵدا بێت، ومەبەستی ئەوە بێت یارمەتیدەرە بۆ گوێڕایەڵی الله ؛ ئەمە كاریگەری باشی هەیە لەسەر نەهێشتنی غەم وخەفەت ودڵتەنگی، چەند مرۆڤ هەیە تاقیكراوەتەوە بە دڵەڕاوكێ وناڕەحەتی بەردەوام، وتووشی نەخۆشی جۆراوجۆر بووە، لە بەسوودترین دەرمان وچارەسەرەكانی: (لەبیركردنی هۆكاری ناڕەحەتی ودڵەڕاوكێییە، وسەرقاڵبوونی بە كردەوەیەك لە ئەركەكانی سەرشانی).
دەبێت ئەو كارەی سەرقاڵی دەبێت ؛ لەوانە بێت كە نەفسی حەزی پێدەكات و بەپەرۆشیەتی، چونكە ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی مەبەستە بەسوودەكە بێتە دی، وخودا زاناترە.
لەو شتانەی دەبێتە هۆی دوورخستنەی خەفەت ودڵەڕاوكێ: كۆكردنەوەی هزرە لەسەر گرنگیدان بە كردەوەی ئێستا، وبیرنەكردنەوە لە گرنگیدان بە داهاتوو، وبیرنەكردنەوە لە ڕابردوو، بۆیە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- پەنای بە خوای گەورە دەگرت لە غەم وخەفەت، (لەو فەرموودەی بوخاری وموسلیم گێڕاویانەتەوە)، دڵتەنگی بۆ ڕابردوو هیچ سوودێكی نییە چونكە ئەوەی ڕۆیشت ناتوانێت پێی بگات وناتوانێت چارەسەری بكات، ولەوەیە غەم وخەفەت زیانی هەبێت بەهۆی ترسان لە ئەوەی لە داهاتوودا دێت، بۆیە لەسەر بەندەیە كە كوڕی ڕۆژەكەی بێت، و وزە وجدیبوون وكۆششی بەگەڕ بخات بۆ چاككردنی ئەمڕۆ وكاتی داهاتوو، كۆكردنەوەی دڵ لەسەر ئەمە دەبێتە هۆی كامڵبوونی كردەوە، وغەم وخەفەت لەسەر دڵ ناهێڵێت. پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئەگەر نزایەكی بكردایە یان ڕێنمونی ئومەتەكەی بكردایە بۆ ووتنی ؛ ئامۆژگاری دەكردن لەگەڵ داواكردنی یارمەتی لە الله و بەهیوابوونی فەزڵی، و لەهەمان كاتدا جددی بێت وكۆشش بكات لەسەر بەدیهێنانی ئەوەی نزای بۆ دەكات. ودووركەوتنەوە لە ئەو شتانە وڕێگاكانی كە نزای دەكرد بۆ دوورخستنەوەیان چونكە نزا هاوتای كردەوەیە، وبەندە كۆشش دەكات بۆ ئەوەی سوودی بۆی هەیە لە ئاین ودونیادا، وداوا لە پەروەردگاری دەكات مەبەستەكانی بۆ بهێنێتە دی، ویارمەتی بدات لەمەدا، هەروەكو پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت:
(احْرِصْ عَلَىٰ مَا يَنْفَعُكَ، وَاسْتَعِنْ باللَّهِ، وَلَا تَعْجِزْ، وَإِذَآ أَصَابَكَ شَىْءٌ فَلَا تَقُلْ: لَوْ أَنِّي فَعَلْتُ كَذَا كَانَ كَذَا وَكَذَا، وَلَـٰكِنْ قُلْ: قَدَرُ اللَّهِ وَمَا شَآءَ فَعَلَ، فَإِنَّ "لَوْ" تَفْتَحُ عَمَلَ الشَّيْطَانِ).
«پێداگیر بە لەسەر ئەوەى سوودی بۆت هەیە، وپشت بە خواى گەورە ببەستە وبێ هیوا ولاواز مەبە، وئەگەر شتێک ڕوویدا کە پێت ناخۆش بوو مەڵێ: ئەگەر ئاوا وئاوام بکردایە؛ ئاوا وئاوا دەبوو، بەڵکو بڵێ: (قَدَرُ الله وما شاء فَعَلَ) واتە: (قەدەری خودا بوو، وئەوەی ویستی لەسەر بوو ؛ جێبەجێی كرد)، چونکە ووتنی: (ئەگەر) دەرگای کردەوەکانى شەیتان دەکاتەوە» [رواه مسلم]. لەم فەرموودەیەدا پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- فەرمانیكردووە بە دوو شت: یەكەمیان بە پەرۆشبوون لەسەر شتە بەسوودەكان لە هەموو حاڵەتێكدا، وداواكردنی یارمەتی لە الله ونەكەوتنە ژێر ڕكێفی لاوازی وبێ توانایی كە ئەمیش تەمەڵی زیانبەخشە، ودووەمیان بریتیە لە ملكەچبوون بۆ الله لە ڕووداوەكانی ڕابردوو كە ڕۆیشت وجێبەجێ بوو، ومرۆڤ تێیاندا قەزا وقەدەری خودا ببینێت وپێی ڕازی بێت
پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- كاروبار وحاڵەتەكانی دابەش كرد بەسەر دوور جۆر: بەشێك بەندە هەوڵی بۆ دەدات هێندەی بتوانێت، یان دووری دەخاتەوە وئاسانی دەكات ؛ لەمەدا بەندە هەوڵ وكۆششی خۆی دەخاتە گەڕ وداوای یارمەتی لە پەروەردگاری دەكات بۆ بەدیهێنانی. بەشێكی تر هەر هەوڵدانێكی بەندە بێ سوودە، لەمەیاندا بەندە ئاسودەیە لە بەرانبەری وملكەچ وڕازی دەبێت، وهیچ گومانێك نیە لەوەی ئەم بنچینەیە هۆكارە بۆ ئاسوودەیی ونەمانی غەم وخەفەت.
بەشی سێیەم
لە گەورەترین هۆكارەكانی سینگ فراوانی وئاسودەیی ؛ (زۆر یادكردنی خوای گەورەیە) چونكە كاریگەریەكی سەرسوڕهێنەری هەیە لەسەر سینگ فراوانی وئارامی دەروون، ونەهێشتنی غەم وخەفەت، پەروەردگار دەفەرموێت:
﴿...أَلَا بِذِكْرِ اللَّهِ تَطْمَئِنُّ الْقُلُوبُ﴾
﴿ئاگاداربن کەھەر بە یادی خوا دڵەکان ئارام دەگرن﴾ [الرعد: 28] یادكردنی پەروەردگار كاریگەریەكی گەورەی هەیە لە بەدەستهێنانی داواكراو ئەمیش بەهۆی تایبەتمەندییەكانی یادی الله یە، و بەهۆی ئەوەی بەندە هیوای پێی هەیە لە پاداشت.
هەروەها باسكردنی نیعمەتە ئاشکرا وپەنهانەکانی خوای گەورە، ناسینی نعمەتەکان وباسكردنیان هۆکاری ڕەواندنەوەی غەم وخەفەت، وهانی بەندە دەدات بۆ سوپاسگوزاری كە لە بەرزترین پلەكانە ئەگەرچیش بەندە هەژار یان نەخۆش بێت یان تووشی هەر تاقیكردنەوەیەكی تر هاتبێت. ئەگەر بەراورد بكات لەنێوان نیعمەتەكانی خوای گەورە لەسەری -كە لە ژماردن نایەن- وئەوەی تووشی بووە لەناخۆشی، ئەوا ناڕەحەتیەكە هیچ ڕێژە وژمارەیەك نییە بەرامبەر نیعمەتەكان.
بەڵكو ناخۆشی وكارەساتەكان ئەگەر خوای گەورە بەندەی پێ تاقی بكاتەوە، وبەندە ئارامگر وڕازی وملكەچ بێت، ئەوا ئازار وكاریگەری ناڕەحەتیەكەی لەسەر ئاسان وكەم دەبێتەوە، بەهیوابوونی بەندە بە پاداشت وبەندایەتی بۆ الله بە ئارامگرتن وڕازی بوون ؛ ئەمە دەبێتە هۆی شیرینكردنی شتە تاڵەكان بۆیە شیرینی پاداشت تاڵی ئارامگرتنی لەبیر دەباتەوە.
لە بەسوودترین شتەكان لەم بابەتەدا ئەوەیە كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ڕێنمونی بۆ كردووە لە فەرموودەیەكی سەحیحدا كە دەفەرموێت:
(انظُرُوا إِلَىٰ مَنْ هُوَ أَسْفَلَ مِنكُمْ، وَلَا تَنظُرُوا إِلَىٰ مَنْ هُوَ فَوْقَكُمْ، فَإِنَّهُ أَجْدَرُ أَلَّا تَزْدَرُوا نِعْمَةَ اللَّهِ عَلَيْكُمْ).
«سەیری ئەوانەى خوارەوەى خۆتان بکەن، وسەیری ئەوانەى سەرەوەی خۆتان مەکەن، چونکە ئەمە وا دەکات کە نیعمەتەکانی خواى گەورە بەسەرتانەوە بە کەم نەزانن» [رواه البخاري]. ئەگەر بەندە ئەم ڕێنماییە مەزنە لەپێش چاوی بێت ؛ وا دەبینێت لەپێش زۆرێك لە خەڵكیەوەیە لە سەلامەتی وپاشكەوتەكانی، ولە ڕزق وپاشكەوتەكانی ؛ ئینجا حاڵی هەرجۆرێك بێت، بۆیە دڵەڕاوكێ وغەم وخەفەتی نامێنێت، وبەختەوەری وشادی زیاد دەبێت بە نیعمەتەكانی خوای گەورە ؛ كە لە پێشەوەی خەڵكی ترە تێیاندا.
هەرچەندە بەندە زیاتر تێڕامان بكات بۆ نیعمەتە ئاشكرا وشاراوەكانی خوای گەورە لەسەری، لە ئاین ودونیادا، وا دەبینێت كە پەروەردگاری خێری زۆری پێبەخشیووە وشەڕ وخراپەی زۆر وجۆراوجۆری لێ دوورخستووەتەوە، بێگومان ئەمە دەبێتە هۆی نەهێشتنی غەم وخەفەت، ودەبێتە هۆی ئاسوودەیی وشادی.
بەشی چوارەم
لەو هۆكارانەی دەبێتە هێنانی بەختەوەری ونەهێشتنی غەم وخەفەت: هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی ئەو هۆكارانەی غەم وخەفەت دەهێنن، وكۆششكردنە بۆ بەدەستهێنانی ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی هێنانی بەختەوەری ؛ ئەمیش بە لەبیركردنی ئەوەی ڕوویداوە لەڕابردوودا لە ناخۆشی وناڕەحەتیەكان كە هیچ توانای نییە بی گێڕێتەوە، ودەبێت بزانێت كە سەرقاڵكردنی بیری بە ڕابردوو دەچێتە ژێر بابەتی گاڵتەوگەپ ومەحاڵەوە، وگەمژەیی وشێتیە، بۆیە كۆششی دڵی دەكات لەسەر بیرنەكردنەوە لێیان، وهەروەها كۆششی دڵی دەكات بۆ دڵەڕاوكێ نەبوون سەبارەت بە ئەوەی لە داهاتوودا ڕوودەدات ؛ لەو شتانەی دێت بە خەیاڵیدا لە هەژاری وترس وناخۆشی وهتد. بۆیە دەزانێت كە داهاتوو نەزانراوە ؛ ئەوەی ڕوودەدات لە خێر وشەڕ وهیوا وئازار، هەمووی بەدەستی پەروەردگاری بەشكۆ ودانایە، هیچ شتێك بەدەستی بەندەكان نییە جگە لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی خێرەكان وهەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی زیانەكان نەبێت، بەندە دەزانێت ئەگەر هزری ئاراستە بكات بۆ دوورخستنەوەی لە شپرزەبوون سەبارەت بە كاروباری داهاتوو، وتەوەكول وپشت بەستنی تەنها بە پەروەردگاری بێـت لە چاككردنیان، ودڵی بۆ ئەمە ئارام بێت، ئەگەر بەم شێوەیە بێت ؛ دڵی ئۆقرە دەگرێت وحاڵ وكاروبارەكانی چاك دەبن، وغەم وخەفەت ودڵەڕاوكێی لەسەر نامێنێت.
لە بەسوودترین شتەكان سەبارەت بە كاروبارەكانی داهاتوو ؛ بەكارهێنانی ئەم نزایەیە كە پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- نزای پێدەكرد:
(اللَّهُمَّ أَصْلِحْ لِي دِينِيَ الَّذِي هُوَ عِصْمَةُ أَمْرِي، وَأَصْلِحْ لِي دُنْيَايَ الَّتِي فِيهَا مَعَاشِي، وَأَصْلِحْ لِيٓ آخِرَتِيَ الَّتِيٓ إِلَيْهَا مَعَادِي، وَاجْعَلِ الْحَيَاةَ زِيَادَةً لِّي فِي كُلِّ خَيْرٍ، وَالْمَوْتَ رَاحَةً لِّي مِن كُلِّ شَرٍّ).
واتە: «خودایە ئایینەكەم چاك بكە كە بڕبڕەی پشتی كارەكانمە، ودونیاشم بۆ چاک بکە کە ژیانـمی تێدایە، وقیامەتیشم بۆ چاک بکە چونکە گەڕانەوەم بۆ ئەوێیە، وژیانم بۆ بکە بە هۆکاری زیادبوونی هەموو خێر وچاکەیەک، ومردنم بۆ بکە بە هۆکاری حەسانەوە لە هەموو شەڕ وخراپەیەک» [رواه مسلم]. وهەروەها كاتێك دەفەرموێت:
(اللَّهُمَّ رَحْمَتَكَ أَرْجُو، فَلَا تَكِلْنِي إِلَىٰ نَفْسِي طَرْفَةَ عَيْنٍ، وَأَصْلِحْ لِي شَأْنِي كُلَّهُ، لَآ إِلَٰهَ إِلَّآ أَنتَ).
واتە: «خودایە ئومێـدم بە ڕەحم و بەزەیی تۆ ھەیە، و بە ئەندازەی چاو تروکاندنێکیش خۆم نەدەیتە دەستی خۆم و کار و باریشم بە چاکە بگێڕە، ھیچ پەرستراوێک نییە، کە شایستەی پەرستن بێت، جگە لە تۆ» [رواه أبو داود بإسناد صحيح]. ئەگەر بەندە ئەم نزایە بڵێت كە چاكبوونی داهاتووی تێدایە لە ئاینداری ودونیایدا ؛ بە دڵێكی ئامادە، ونیەتێكی ڕاستگۆیانە، لەگەڵ كۆششكردنی بۆ ئەو شتەی دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی ئەمە، ئەوا خوای گەورە ئەوەی نزای بۆ دەكرد وهیوای پێدەخواست وكردەوەی بۆ دەكرد ؛ بۆی دەهێنێتە دی، وغەم وخەفەتی دەگۆڕێت بە خۆشی وبەختەوەری.
بەشی پێنجەم
لە بەسوودترین هۆكارەكان بۆ نەهێشتنی دڵەڕاوكێ وغەم ئەگەر بەندە تووشی شتێك لە ناڕەحەتی وتاقیكردنەوەكان بوو: ئەوەیە هەوڵبدات بۆ ئاسانكردنەوەی لەڕێگای بیركردنەوە لە خراپترین ئەگەرەكان كە لەوەیە حاڵەتەكە لەسەری كۆتایی بهاتایە، وخۆی لەسەر ئەمە ڕابهێنێت، ئەگەر وابكات ئەوا دەبێت هەوڵبدات بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی هێندەی دەتوانێت، بەم كۆششكردن وهەوڵدانە ؛ غەم وخەفەتی نامێنێت، بەم شێوەیە وزەی بەگەڕ دەخات بۆ بەدەستهێنانی سوودەكان، ودوورخستنەوەی زیانەكان هێندەی لەتوانای مرۆڤدایە.
ئەگەر هۆكارەكانی ترس ونەخۆشی وهەژاری وبێبەشی لە حەزە هەمەجۆرەكانی ؛ ڕوویدا، با بە هێوری وئارامی دەروونەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكات، وئەوپەڕی كۆشش بکات لەمەدا، ڕاهێنانی دەروون لەسەر ئارامگرتن بەرامبەر ناڕەحەتیەكان؛ ئاسانیان دەكاتەوە وسەختییان ناهێڵێت، بەتایبەت ئەگەر سەرقاڵ بێت بە دوورخستنەوەیان ؛ هێندەی لەتوانایدایە، بۆیە تێیدا كۆدەبێتەوە؛ ئارامگرتنی نەفسی لەگەڵ هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی سوود كە سەرقاڵی دەكەن لە بیركردنەوە لە ناڕەحەتیەكان، وكۆششی نەفسی دەكات لەسەر نوێكردنەوەی هێزی بەرەنگاریبوونەوەی ناڕەحەتیەكان، لەگەڵ پشت بەستن بە خوای گەورە لەمەدا ومتمانە بە ئەو زاتە مەزنە، بێگومان ئەم بابەتانە سوودی مەزنیان هەیە بۆ بەدەستهێانی بەختەوەری وسینگ فراوانی، لەگەڵ ئەوەی بەندە هیوای پێیبەتی لە پاداشتی نزیك ودواخراو، ئەمە بینراوە وتاقیكراوەتەوە، وڕووداوەكانی زۆرێك هەن كە ئەزموونیان تێدا هەیە.
بەشی شەشەم
لە مەزنترین چارەسەرەكان بۆ نەخۆشییەكانی دڵ لە شپرزەیی دەروونی ومێشكی، بەڵكو بۆ نەخۆشیەكانی لاشەیش: بریتیە لە بەهێزی دڵ ونەبوونی بێزاری وپەرچەكردار بەرامبەر بە وەهم وخەیاڵەكان كە بیركردنەوە خراپەكان دەیانهێنن. هەركەسێك خەیاڵ بكاتەوە سەبارەت بە ڕوودانی ناڕەحەتی ونەمانی خۆشیەكان؛ ئەمە تووشی غەم وخەفەت ونەخۆشییەكانی دڵ ولاشەی دەكات، وتووشی توڕەیی وسەرلێشێواوی وداڕمانی دەروونی دەبێت، ئەمانەیش كاریگەری خراپیان هەیە، وزۆرێك لە خەڵكی ئەزمونیان هەیە لەگەڵ زیانە گەورەكانی.
هەركاتێك دڵ پشت بە الله ببەستێت ومتمانەی پێی هەبێـت، ملكەچی وەهم نەبێت وخەیاڵی خراپ ڕکێفی پێ نەكات، ومتمانەی بە الله هەبێت و بەهیوای فەزڵ وپاداشتی بێت، بەهۆی ئەمەوە غەم وخەفەتی لەسەر لادەچێت، وڕزگاری دەبێت لە زۆرێك لە نەخۆشییەكانی دڵ ولاشە، ودڵ بەهێز وسینگ فراوان دەبێت وبەختەوەری ڕووی تێدەكات ؛ بەشێوەیەك ناتوانێت گوزارشتی لێبكات، چەند نەخۆشخانە هەیە ئەو نەخۆشانەی تێیدایە كە دەناڵێنن بەدەست وەهم وخەیاڵی پوچەوە، ئەم شتانە كاریگەریان هەبووە بەسەر بەهێزەكانەوە، چ جای لاوازەكان، وبوونە هۆی گەمژەیی وشێتی، وسەلامەت ئەوەیە خوای گەورە سەلامەتی پێببەخشێت، وسەركەوتووی بكات بۆ كۆششكردن دژی نەفسی خۆی بۆئەوەی هۆكارە بەسوودەكان بەدەست بهێنیت كە دڵ بەهێز دەكەن، ودڵەڕاوكێ دوور دەخەنەوە، خوای گەورە دەفەرموێت:
﴿وَمَن يَتَوَكَّلْ عَلَى اللَّهِ فَهُوَ حَسْبُهُ... ﴾
﴿هەرکەسێک تەوەکولی بە خوا بێت -پشت بەخوا ببەستێت- ئەوا ئەو زاتە بەسە بۆی﴾ [الطلاق: 3]، واتا خوای گەورە بەسە بۆ هەموو ئەو شتانەی گرنگە بەلایەوە وغەمی لێدەخوات سەبارەت بە دینداری ودونیای.
ئەوەی تەوەكولی بە الله هەیە ؛ دڵی بەهێزە وخەیاڵەكان كاریگەریان لەسەری نییە، وڕووداوەكان بێزاری ناكەن چونكە ئەمانە بەهۆی لاوازی نەفس وترسنۆكییە کەلەڕاستیدا بوونیان نییە، ودەزانێت خوای گەورە زامنی كردووە ؛ هەركەسێك تەوەكولی بە ئەو هەبێت ئەوا پەروەردگاری بەسە، بۆیە متمانەی بە الله هەیە ودڵنیایە سەبارەت بە پەیمانەكانی، وناڕەحەتیەكەی دەگۆڕێت بۆ ئاسانی، ودڵتەنگیەكەی دەگۆڕێت بۆ بەختەوەری، وترسەكەی دەگۆڕێت بۆ ئاسایش، داوای سەلامەت لە خوای گەورە دەكەین و بەهێزی وچەسپاوی دڵمان پێببەخشێت، وتەوەكولی تەواومان بە ئەو زاتە هەبێت ؛ كە زامنی بەخشینی خێری كردووە بە هەموو ئەوانەی تەوەكولیان پێیەتی، وهەموو ناخۆشی وزیانێكیان لێ دووردەخاتەوە.
بەشی حەوتەم
13- كاتێك پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- دەفەرموێت:
(لَا يَفْرَكْ مُؤْمِنٌ مُؤْمِنَةً، إِنْ كَرِهَ مِنْهَا خُلُقًا رَضِيَ مِنْهَا خُلُقًا آخَرَ).
«با هیچ پیاوێکی ئیماندار ڕقی لە ئافرەتێکی ئیماندار نەبێتەوە، ئەگەر ڕقی لە ڕەوشتێکی بێت؛ ئەوا ڕەوشتێکی تری لە لا پەسەندە». [رواه مسلم]، دوو سوودی مەزنی تێدایە:
یەكەم: ڕێنمونی بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ هاوسەر وكەسی نزیك وهاوڕێ وهەریەكێكی تر كە پەیوەندیت پێیەوە هەیە، دەبێت خۆت ڕابهێنیت لەسەر ئەوەی كە بەرامبەر كەموكورتیەك یان هەرشتێكی تر كە تۆ حەزت لێی نییە ؛ ئەگەر تێیدا بەدیت كرد، بەراورد بكە لەنێوان ئەمە وئەوەی ئەركە لەسەرت لە هێشتنەوەی خۆشەویستی وپەیوەندیەكی بەهێز، چاكەكانی ومەبەستە تایبەت وگشتییەكان بەبیری خۆت بهێنەوە، بەم چاوپۆشی كردنە لە كەموكورتیەكان وڕەچاوكردنی لایەنە چاكەكان، هاوڕێیەتی وپەیوەندی بەردەوام دەبێت، وگونجان وهێوری دێتە دی.
سوودی دووەم: نەهێشتنی غەم ودڵەڕاوكێ، وهێشتنەوەی دڵسۆزی وپاكی لەگەڵ جێبەجێكردنی مافە واجب وسونەتەكان ؛ و بەدیهێنانی هێوری لەنێوان هەردوولا، ئەوەی كردەوە نەكات بە ئەم ڕێنمونیەی پێغەمبەر -صلى اللە علیە وسلم- ئاماژەی بۆ كردووە ومەسەلەكە پێچەوانە بكاتەوە، وبەردەوام چاوی لەسەر كەموكورتیەكان بێت وكوێر بێت دەرهەق بە جوانیەكان، دەبێت تووشی دڵەڕاوكێ بێت، وپەیوەندی لەنێوان خۆی وكەسی خۆشەویستی پچڕانی تێدەكەوێت، وتووشی زۆر لە كەموكورتی دەبن دەرهەق بە مافەكان بەرامبەر یەكتر.
زۆرێك لەو خەڵكانەی كە خاوەنی هیمەتی بەرزن ؛ خۆیان دادەمەزرێنن لەسەر ئارامگرتن ودڵنیایی لەكاتی ڕوودانی كارەسات وناڕەحەتیەكان. بەڵام لە كەمترین شتدا تووشی دڵەڕاوكێ دەبن، وهێوری دەروونیان تێكدەچێت، هۆكار ئەوەیە خۆیان ڕاهێنا لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ كارەساتە گەورەكاندا، بەڵام لە شتە بچووكەكاندا ئەمەیان جێبەجێ نەكرد بۆیە زیانی پێیان گەیاند وكاریگەری هەبوو لەسەر تێكدانی هێوری وئارامیان، مرۆڤی بەهێز خۆی دادەمەزرێنێت لەسەر چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ڕووداوە بچووك وگەورەكاندا وداوای یارمەتی لە الله دەكات لەمەدا، ولێی دەپاڕێتەوە كە نەیدات بەدەستی خۆی هێندەی چاوتروكانێكیش، ئەگەر وابوو ؛ ئەوا ڕووداوی بچووكی لەسەر ئاسان دەبێت هەروەكو چۆن كارەساتی گەورەی لەسەر ئاسان بووە. بۆیە دڵ ودەروون چەسپاو وئارام ودڵنیا دەبێت.
بەشی هەشتەم
مرۆڤی ژیر دەزانێت ژیانی ڕاستەقینە ئەوەیە كە بە ئاسوودەیی وشادی دەژی، وژیانێكی زۆر كورتە، بۆیە نابێت كورتتری بكاتەوە بە غەم وبەردەوامبوون لەگەڵ ناڕەحەتیەكان ؛ چونكە ئەمە دژی ژیانی ڕاستەقینەیە، دەبێت بەپەرۆش بێت لەسەر ژیانی ؛ ونابێت ڕێگە بدات كە زۆرینەی ماوەی ژیانی بە غەم وناڕەحەتی بڕوات، وجیاوازی نییە لەمەدا لەنێوان چاكەكار وتاوانبار، بەڵام ئیماندار باشترین بەشی هەیە لە بەدیهاتنی ئەم وەسفانە تێیدا، وبەشی بەسوودی نزیك ودواخراوی هەیە.
ئەگەر ناخۆشیەكی بەسەردا هات یان بترسێـت لەوەی تووشی بێت ؛ با بەراورد بكات لەنێوان ئەو نیعمەتە ئاینی ودونیاییانەی پێی بەخشراوە، وئەوەی تووشی بووە لە ناڕەحەتی، لەكاتی بەراوردا زۆری ئەو نیعمەتانە دەردەكەوێت كە پێی بەخشراوە، وكاریگەری ناڕەحەتی وناخۆشییەكان نامێنێت.
هەروەها بەراورد بكات لەنێوان ئەو زیانەی دەترسێت تووشی بێت، وئەگەرە زۆرەكانی سەلامەت بوون لێی، نابێت ڕێگە بدات ئەگەرە لاوازەكان سەربكەون بەسەر ئەگەرە زۆر وبەهێزەكان؛ ئەگەر وابێت غەم وخەفەتی نامێنێت، وپیلان دادەنێت بۆ گەورەترین ئەگەر كە لەوەیە تووشی بێت، بۆیە خۆی دادەمەزرێنێت لەسەر ڕوودانی ؛ ئەگەر ڕوویدا، وهەوڵدەدات بۆ دوورخستنەوەی ئەوەی ڕووی نەداوە وبۆ نەهێشتنی ئەوەی ڕوویداوە یان كەمكردنەوەی شوێنەوارەكانی.
لە بابەتە بەسوودەكان ئەوەیە بزانیت كاتێك خەڵكی ئازارت دەدەن بەتایبەت بە قسەی خراپ، ئەمە زیانی بۆت نییە ؛ بەڵكو زیانی بۆ ئەوانە، مەگەر خۆت سەرقاڵ بكەیت بە ئەو قسانەوە، وڕێگەی پێبدەیت دەست بگرێت بەسەر هەست وسۆزت، ئەگەر وابیت ئەوا زیانی بۆ تۆیش دەبێت هەروەكو چۆن زیانی بۆ ئەوان هەبوو، ئەگەر گوێی پێنەدەیت ئەوا هیچ زیانی بۆت نابێت.
بزانە ژیانت شوێنکەوتەی بیركردنەوەكانتە، ئەگەر بیركردنەوەكانت لە شتی بەسووددا بێت بۆت لە ئاین یان دونیادا ؛ ئەوا ژیانت خۆش وبەختەوەر دەبێت، ئەگەر نا بەپێچەوانەوە دەبێت.
لە بەسوودترین بابەتەكان ئەوەیە خۆت دابمەزرێنیت لەسەر ئەوەی چاوەڕانی سوپاس نەبیت لە جگە لە الله، ئەگەر چاكەكار بیت بەرامبەر ئەوانەی مافیان لەسەرت هەیە یان مافیان لەسەرت نییە، بزانە ئەمە مامەڵەكردنی تۆیە لەگەڵ الله، بۆیە گوێ مەدە بە سوپاسكردنی ئەو كەسانەی چاكەكار بوویت بەرامبەریان، هەروەكو خوای گەورە قسەی بەندە تایبەتە هەڵبژێردراوەكانی دەگێڕێتەوە ودەفەرموێت:
﴿إِنَّمَا نُطْعِمُكُمْ لِوَجْهِ اللَّهِ لَا نُرِيدُ مِنكُمْ جَزَآءً وَلَا شُكُورًا 9﴾
﴿(دەڵێن) بەڕاستی ئێمە تەنھا لەبەر ڕەزامەندی خوا خواردنتان دەدەینێ، چاوەڕوانی ناکەین لە ئێوە نە پاداشت ونە سوپاس﴾ [الإنسان: 9].
زیاتر جەخت لەسەر ئەم بابەتە دەكرێـتەوە لەكاتی مامەڵەكردن لەگەڵ خێزان ومنداڵەكان وئەوانەی پەیوەندی بەهێزت پێیانەوە هەیە ؛ هەركاتێك خۆت دامەزراند لەسەر دوورخستنەوەی شەڕ وزیان لێیان، ئەوا هێور وئارام دەبیت. لەو هۆكارانەی ئارامی دەبەخشن بە مرۆڤ ئەوەیە كردەوە چاكەكان بكەیت بەپێی توانای جەستەیی ودەروونیت بەبێ زێدەڕۆیی كردن چونكە زێدەڕۆیی تووشی دڵەڕاوكێت دەكات، ئەگەر سنووری سروشتی تێبپەڕێنیت ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی بە پەشیمانی بگەڕێیتەوە وفەزڵ وپاداشت بەدەست نەهێنیت، بەهۆی ئەوەی كە ڕێگایەكی خواروخێچت گرتە بەر، ئەمەیە دانایی: لە حاڵەتە ناڕەحەتەكان ؛ ئەنجامی پاك وشیرین بەدەست بهێنیت، بەم شێوەیە پاكی وبێ خەوشی دەروون زیاد دەبێت، وناڕەحەتیەكان هێدی هێدی نامێنن.
شتە بەسوودەكان با لە نێوچەوانت بن وهەوڵ بدە بۆ بەدەست هێنانیان، وئاوڕ مەدەرەوە بۆ شتە زیانبەخشەكان ؛ كە بەم شێوەیە بیت دوور دەكەویتەوە لە هۆكارەكانی هێنانی غەم ودڵتەنگی، ودەستەبەرداری ساتەكانی هێوری وئارامی مەبە، وبا بەوردی هزرت لەسەر كارە گرنگەكان بێت.
لە ڕێنماییە بەسوودەكان ئەوەیە كە كارەكان لە ئێستادا جێبەجێ بكەیت، بۆ ئەوەی بۆ كارەكانی داهاتوو سەرقاڵ نەبیت ؛ چونكە ئەگەر كارەكانی ئەمڕۆ جێبەجێ نەكەیت ئەوا كردەوەكانی ڕابردووت لەسەر كۆ دەبێتەوە، بۆیە شوێنەواری نەرێنی لەسەرت زیاتر دەبێت، ئەگەر هەموو شتێك یەكلایی بكەیتەوە لەكاتی خۆیدا ؛ ئەوا بەهێزی هزر وكردەوە ڕووبەڕووی كارەكانی داهاتوو دەبیتەوە.
دەبێت بژاردەت لەنێوان كردەوەكاندا گرنگترین لەپێشەوە بێـت پاشان گرنگتر وبەو شێوەیە، وبزانە چی كردەوەیەك نەفست حەزی پێیەتی و بەپەرۆشیت بۆی، چونكە پێچەوانەیان تووشی بێزاری وناڕەحەتیت دەكەن، ولەمەدا پشت بە بیركردنەوەی دروست وڕاوێژ ببەستە، ئەوەی ڕاوێژ بكات ؛ پەشیمان نابێتەوە، ئەوەی دەتەوێت بیكەیت ؛ بەجوانی و وردی بیخوێنەوە، ئەگەر بەرژەوەندی هاتەدی وپێداگیر بووی لەسەر جێبەجێكردنی ئەوا پشت بە الله ببەستە، چونكە بەڕاستی الله ئەوانەی خۆشدەوێت كە پشتی پێدەبەستن وتەوەكولیان تەنها بە ئەو زاتەیە.
والحمد لله رب العالمين.
وصلى الله على سيدنا محمد وعلى آله وصحبه وسلم.
***